پەتای سکچوون و ڕشانەوە لەناو منداڵان بڵاوبووەتەوە

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا کە سکچوون و ڕشانەوە لەناو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە و پێویستە دایک و باوکان ڕێکاری خۆپارێزی بۆ منداڵان بگرنەبەر.

ناوەندی هەواڵ

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، پزیشک پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی، دەربارەی بەرزبوونەوەی ڕێژەی سکچوون و ڕشانەوە لە منداڵاندا ئاماژەی بەوەدا کە هەموو ساڵێک ئەو حاڵەتانە ڕوودەدەن و ئەمساڵ ٪٤٠ی منداڵان بەهۆی ئەو پەتایەوە ڕوویان لە نەخۆشخانە کردووە.

 

ئەو پزیشکە وتیشی کە بەهۆی گەرماوە ساڵانە منداڵان تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن، یاخود بەهۆی پیسبوونی سەرچاوەی ئاو و خراپ هەڵگرتنی خۆراک لەناو پلەی گەرمی بەرزدا و گەشەکردنی هەندێک بەکتریا لەو پلە گەرمیەدا منداڵان تووشی سکچوون و ڕشانەوە دەبن، "هەندێک جار ڤایرۆس، بەکتریا، پاڕاسایت، خواردنی شیرینی یان هەستیاری بە پڕۆتین، نەخۆشی گەنم و جۆ یان ژەهراوی بوون، هەستیاری بە جۆرە خواردنێک، کۆڕۆنا یان چەندین هۆکاری تر دەبنە هۆی نەخۆشی لە منداڵاندا"

 

ئەو پزیشکە ئامۆژگاری ڕێگەگرتن لە تووشبوون بە سکچوون و ڕشانەوە دەکات بەوەی هەموو ئاوێک بکوڵێندرێت ئینجا ساردبکرێتەوە بۆ خواردنەوە، خواردن لەناو سەلاجە هەڵبگیرێت، سەوزە و میوە پێش خواردنی جوان بشۆردرێتەوە، زوو زوو دەستی منداڵ بشۆردرێت بەتایبەت دوای تەوالێت کردن، پاک و خاوێنی تەوالێت و حەمام زۆر گرنگە و لەگەڵ دوورکەوتنەوە لە خواردنی دەرەوە بە تایبەت ئەوانەی سەر عەرەبانەکان.