دانیشتوانی عەفرین دژی هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا ڕێپێوانیان کرد

بۆ شەرمەزارکردنی هێرش و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دانیشتوانی عەفرین ڕێپێوانێکی جەماوەرییان بە دروشمی "گۆڕینی دیمۆگرافی و نیشتەجێکردنی دانیشتوانی دیکە، تاوانێکە لە دژی خەڵکی ناوچەکە و مێژووەکەیان" ڕێکخست.

شەهبا

 

ڕۆژی ٢٣ی ئایار تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا بە دەستپێکردنی پیلانی داگیرکاری هەڕەشەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد، لە دژی هەڕەشە و هێرشەکان سەدان هاوڵاتی عەفرینی کاردانەوەیان نیشاندا و ڕێپێوانێکی جەماوەرییان بۆ بەردەم بنکەکانی ڕووسیا ڕێکخست و پانکارتی "دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون نیشانەی لەناوبردن و گۆڕینی دیمۆگرافیایە"، "ئەردۆغان مەترسییە بۆ مردن" بەرز کردەوە و ئاماژەیان بەوەدا کە دەوڵەتی تورکیا لە کارە نامرۆڤانەکانی بەردەوامە.

 

شیراز حەمۆ، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەریی عەفرین، ئاماژەی به‌وەدا جارێکی دیکە لە کانتۆنی شەهبا گەل ناڕەزایی دەردەبڕن لە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر، "ئەمە یەکەم جار نییە کە گەلەکەمان لە بەردەم بنکەی ڕووسیادا چالاکی دەکەن و داواکارییان پێشکەش دەکەن، چونکە کردەوەکانی دەوڵەتی تورک بەردەوامن".

 

شیراز حەمۆ وتیشی: ئەو هاوڵاتیانەی ماوەی ٤ ساڵە لە کانتۆنی شەهبادا کۆچبەرن و بەرگری دەکەن، هەتا کۆتایی بەرامبەر هەر هێرش و هەڕەشەیەک بەرخۆدانی دەکەن.