وەک پشتیوانییەک ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانی پەچەی ڕەش دەبەستن

ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانی بۆ ئیدانەکردنی بڕیارەکەی تاڵیبان، کە دەبێت ژنانی بێژەر ڕوویان دابپۆشن، پەچەی ڕەشیان لە دەموچاویان بەست.

ناوەندی هەواڵ

 

بڕیارەکانی تاڵیبان دەربارەی ژنان بووەتە ڕۆژەڤی جیهان، تاڵیبان لە زۆربەی کارەکانی ژیاندا ڕۆڵ و هەبوونی ژنانی زەوت کردووە، لە تازەترین بڕیاریشدا باس لەوەدەکات کە لە کاتی پێشکەشکردنی هەواڵ و بەرنامەدا ژنانی ڕۆژنامەوان دەبێت پەچە ببەستن تا ڕوویان دیار نەبێت، هەندێک ڕۆژنامەوانی ئەفغانیش بۆ پشتیوانی لە ڕۆژنامەنووسانی ژن و ئیدانەی بڕیارەکەی تاڵیبان پەچەی ڕەشیان بەست.

 

میدیاکارانی ئەفغانستان لەو بڕوایەدا بوون بەو هەڵوێستەیان تاڵیبان واز لە بڕیارەکەی دەهێنێت، بەڵام تاڵیبان ڕایگەیاند کە ئەو بڕیارە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت و جێگەی گفتوگۆ نییە، ڕۆژێک دوای بڕیارەکەش، ٢٢ی ئایار ڕۆژنامەوانان بە ژن و پیاوەوە بە ڕووپۆشی ڕەشەوە لەسەر شاشەی کەناڵەکان دەرکەوتن.