یەکێک لە کومەڵکوژییەکانی دەستی تورک؛ گەلیی زیلان

کۆمەڵکوژی گەلیی زیلان یەکێکە لەو کۆمەڵکوژییانەی لەلایەن دەوڵەتی تورکیادا بەسەر گەلی کورددا هات.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپەڕینی دۆڵ-گەلیی زیلان لە دژی فشاری داگیرکەران بۆ سەر کوردستان لە ٢٢ی ئایاری ١٩٢٩ دەستیپێکرد، دەوڵەتی تورکیا بە دڕندانەترین شێوە هەوڵیدا خەڵکی ناوچەکە کۆمەڵکوژ بکات و لە میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتی فاشیزمی خۆشیانەوە بەم شێوەیە لەسەر کۆمەڵکوژییەکە نووسیان: "گەلیی زیلان پاک کرایەوە، ئۆپەراسیۆنی پاک کردنەوە بەردەوامە" هەروەها بە هەستێکی دژە مرۆڤانە بە کۆمەڵکوژکردنی کوردان وترا، پاک کردنەوە، ئەو کۆمەڵکوژییە لە گەلیی زیلان، کە دەکەوێتە پارێزگای وان و لە نزیک ئەردیشە، ئەنجام درا، هاوکات سەرتاسەری ناوچەی ئاگری و پارێزگاکانی دەوروبەری گرتەوە.

 

بەپێی سەرچاوە ڕۆژئاواییەکان لە نێوان ١٥-٥٥ هەزات کرد  کورد لەو کۆمەڵکوژییەدا کوژران، بەڵام سەرچاوە تورکییەکان ٢٠ هەزاریان نووسیوە، سەرچاوە تورکییەکان دەڵێن ئەو کۆمەڵکوژییە لە ١٢ و ١٣ی تەمموزی ١٩٣٠ ئەنجامدراوە، بەڵام لە ڕاستیدا کۆمەڵکوژییەکە لە حوزەیرانی ١٩٣٠ دەستیپێکرد و تا تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ بەردەوام بوو، گەورەترین و دڕندەترین کۆمەڵکوژی لە ١٣ی تەمووزی ١٩٣٠ کرا بۆیە بۆیە کاتێک باس لە کۆمەڵکوژییەکە دەکرێتەوە ١٣ی تەمموز بەبیردا دێت.

 

زانیاریی زیاتر لەسەر گەلیی زیلان

بەپێی بەڵگەنامەکانی فەرماندەیی گشتی، لە ٢٥ی تەمووزی ١٩٣٠دا ئەو گروپەی لە دژی دەوڵەت یاخیبوون لەلایەن دەروێش بەگەوە گیران و ئەوانەی هەڵاتن لەناوبران، هەروەها نزیکەی 200 سەر ئاژەڵیش لە ئەردیش دراوەتە کۆمیسیۆن، ڕۆژی ٢٩ی تەمموز، دەروێش بەگ کە لە ناوچەی زیلان دەستی بە لەناوبردنی خەڵک کردووە، مەلای گوندی پابوشکین کە سەرۆکی ڕاپەڕینی زیلان بوو لەگەڵ چوار کەسی دیکەدا دەکوژن، هەروەها ٩ چەک و ٧٠٠ سەر ئاژەڵیان کۆکردووەتەوە، ڕۆژی ٢ی ئاب مەفرەزەکانی دەروێش بەگ لە ناوچەکانی پردی بەرانێ و گورگور بابا و چیای پارتاچ کە خەڵک خۆیانی تێدا شاردبوونەوە، ئەو کەسانەیان دۆزییەوە کە ناسنامەیان نادیارە و کوژراون، هەروەها لە ١٠ی تەباخدا حەسەن کۆر، تاهیر، قاسم، حەمزە، یوسف، سوڵتان کە لە زۆزانەکانی پانیا بوون، گیران و گوندەکانی شەرەفلی و مەرال کە خۆیانیان تێدا شاربۆوە سوتێنران.

 

گەلیی زیلان لە دوو بەش پێکدێت، گەلیی زیلان و گەلیی هاجیدەرێ، خەڵکی ئەو گوندانەیان هەموو کۆکردەوە و گولـلەبارانیان کردن، بێ جیاوازی لە نێوان منداڵ، گەنج، پیر و ژن، هەموو گوندەکانیشیان سووتاند، بەپێی هەندێک سەرچاوە ئەوەی لە گەلی زیلاندا کۆمەڵکوژکران ١٥ هەزار بوون، هەندێک سەرچاوەی دیکە باس لەوە دەکات کە ٤٧ هەزار کەس بوون.