ئێران، فەیروزە خوسرەوانی و مینا کشاوەرز ئازاد کران

فەیروزە خوسرەوانی و مینا کشاوەرز دوو دیکۆمێنتاری ئێرانی، دوای چەند ڕۆژێک لە دەستبەسەرکردن، ئازاد کران.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ١٧ی ئایار فەیروزە خوسرەوانی و مینا کشاوەرز، دوو فیلمسازی دیکیۆمێنتاری ئێران،  دوای چەند ڕۆژێک لە دەستبەسەرکردن بە کەفالەت ئازاد کران.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە ١٠ی ئایار لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە بۆ بەشی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین گواسترانەوە و لە کاتی گەڕان و پشکنین بە ماڵەکانیاندا کەلوپەل و تەلەفونی تایبەتیان دەستی بەسەردا گیراوە.

 

مینا کشاوەرز بە نوێترین بەڵگەفیلمی بە ناوی "هونەر لە مەترسی ژیاندایە" بەشداری فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی وەک فیستیڤاڵی بەناوبانگی ئای دی ئێف ئەی لە ئەمستردام کردووە و لە بەڵگەفیلم و بەرهەمەکانیدا باسی لە توندوتیژی ناوماڵ بەرامبەر بە ژنانی ئێران کردووە، هەروەها لەسەر داواکردنی مافەکانی ژنان لە ئێران کاری کردووە.

 

هەروەها فەیروزە خوسرەوانی خەڵاتی دۆکیومێنتاری "ڕادیۆگرافی خێزانی" لە فیستیڤاڵی ئای دی ئێف ئەی، کە لە مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٦ لە ئەمستردام بەڕێوەچوو، وەرگرت، لە کارەکەیدا چیرۆکی ژیانی خێزانێکی پێش شۆڕش و دوای شۆڕشی لە ئێران خستووەتەڕوو.