مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردە لە ئێران دەستگیرکران

دوای خۆپیشاندانە گشتییەکانی مامۆستایانی ئێران شەپۆلێکی دەستگیرکردن دەستیپێکرد و چەندین چالاکوانی ڕۆشنبیریش دەستگیرکران.

ناوەندی هەواڵ

 

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا مامۆستایان و خوێندکاران و فەرمانبەرانی پەروەردە لە زۆربەی شارەکانی ئێران دووبارە ڕژانە شەقامەکان، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە داواکاری پێشتری مامۆستا و فەرمانبەرانی پەروەردە لەسەر باشترکردنی بواری پەروەردە جێبەجێنەکران،  لە بەرامبەردا ڕژێمی ئێران هەڵمەتی دەستگیرکردنی بەرفراوانی مامۆستا و فەرمانبەرانی دەستپێکرد.

 

ئەنجومەنی هەماهەنگی ڕێکخراوەکانی یەکێتی ڕۆشنبیری ژمارە و ناوی بەشێک لە دەستگیرکراوانی بە لیستێک بڵاوکردەوە، بەپێی لیستەکە تائێستا نزیکەی ٣٢ مامۆستا و چالاکوانی سەندیکاکان دەستگیرکراون، کە هیچ زانیارییەک لەبارەیانەوە بەردەست نییە.

 

مامۆستا خەدیجە موبارەکی، کە بووەتە سیمبولی خۆپیشاندان لە شاری یاسۆج لەنێو دەستگیرکراوەکاندایە و ٧ مامۆستای دیکە لە یاسوج دەستگیرکراون.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست سەندیکاکە کەوتووە، ٥ فەرمانبەری پەروەردە لە خوزستان، ٤ کەس لە تاران دەستگیرکراون، ٩ فەرمانبەر و مامۆستایەک کە ناوی نازانرێت پارێزگای فارس دەستبەسەرکراون، لە مەریوان ١ کەس، لە ئەسفەهان ٣ کەس و لە لەنگرود ٣ کەس، لە یەزدیش ٢ کەس دەستگیرکراون.

 

جێی ئاماژەیە هەر دوێنێ، سورەییا ئاقایی، مامۆستای یاسوجی، کە یەکێک بووە لە دەستگیرکراوەکان، ئازادکراوە، لەگەڵ ئەودا هەریەک لە نەسرین کەریمی و چوار چالاکوانی سەندیکای مامۆستایانی سنە، کە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری سەندیکای مامۆستایانی سنە بوون، ئاگادارکراونەتەوە ئەمڕۆ ١٤ی ئایار سەردانی ئیتلاعاتی شاری سنە بکەن.

 

هەروەها فەریبا موعینی، چالاکوانی یەکێتی مامۆستایان لە ماڵەکەی خۆیدا لە نەجەف ئابادی پارێزگای ئەسفەهان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا، کە ٣١ ساڵ ئەزموونی وانەوتنەوەی هەیە و ئەندامی دەستەی جێبەجێکاری لقی نەجەف ئابادە.

 

مەزەندەش دەکرێت کە ژمارەی دەستگیرکراوان زیاد بکات و ڕێوشوێنی ئەمنی لە شارەکاندا بۆ ڕێگریکردن لە ڕژانە سەرشەقامی مامۆستایان گیراوەتەبەر.