بێریڤان ئەیوب دوای ١٨ مانگ زیندانی کردن، ئازاد کرا

بێریڤان ئەیوب، چالاکوانی بادینان دوای ١٨ مانگ دەستگیرکردن لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە، ئەمڕۆ دوای تەواوکردنی دوو ساڵ سزای زیندانیی سەپێنراو، ئازادکرا.

ناوەندی هەواڵ

 

بێریڤان ئەیوب حەسەن، چالاکوانی بادینان، ٣٦ ساڵ و دایکی ٥ منداڵ، هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٢٠ی شیلادزێ و بادینان، لەلایەن ئاسایشی هەولێر بە پێی ماددەی ١ لە یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ کە تایبەتە بە "تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی" لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لەگەڵ ٨٠ چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی دیکەی بادینان دەستگیرکرا.

 

بێریڤان ئەیوب، ١٦ مانگ لە زینداندا دەستگیرکرابوو بێ ئەوەی دادگایی بکرێت، دوای سێ دانیشتن کە دوانیان دواخرا، لە ٦ی ئاداری ئەمساڵ دادگای باڵای هەولێر سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەر بێریڤان ئەیوبدا سەپاند، لەگەڵ ئازادکردنی مەرجدار.

 

بڕیارەی دادگا ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ی بۆ بێریڤان هەژمارکرد و بەو پێیەش ٥ی ئایاری ٢٠٢٢ دەبوو ئازادبکرێت، بەڵام بەهۆی دروستکردنی ئاستەنگی لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە ئازادکردنەکەی بۆ ئەمڕۆ دواکەوت، دواجار دوای ١٨ مانگ دەستگیرکردن کەمێک بەر لە ئێستا بێریڤان ئەیوب، چالاکوانی بادینان ئازادکرا.