لەگەڵ کردنەوەی دەرگای خوێندنگەکان خۆپیشاندان بەردەوامە

دوابەدوای دووبارە دەستپێکردنەوەی قوتابخانە و زانکۆکان لە سەرتاسەری ئێران، دایک و باوکی خوێندکاران لە شارە جیاوازەکان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

ناوەندی هەواڵ

 

دوو ڕۆژ دوای دووبارە دەستپێکردنەوەی قوتابخانە و زانکۆکان لە ٥ی نیساندا خۆپیشاندانی جەماوەری زیادیکردووە و دایک و باوکی خوێندکاران لە شارە جیاوازەکان دەستیان بە خۆپیشاندان و گردبوونەوە کردووە و ئاماژەیان بە مەترسییەکانی کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن لەسەر تەندروستی کرد.

 

موحسین بەندپی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی پەرلەمان باسی لەوەکرد کە کردنەوەی قوتابخانە و زانکۆکانی ئەم وڵاتە نەگونجاوە و دەکرێت بە شێوەیەکی ڕاستەقینە پەیڕەوی خوێندنی ئۆنلاین بکرێت لە قوتابخانە و زانکۆکاندا، هەروەها ڕەخنەی لە ڕەچاونەکردنی تەندروستی کۆمەڵگە گرت لە نورۆزدا و پێشبینی کرد کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بارگرانییەکی قورس لەسەر سیستمی تەندروستی دروستببێت.

 

هاوکات گروپێک لە دایک و باوکی خوێندکارانی شاری شیراز، ڕشت، کازرون لەبەردەم بینای پەروەردەی شارەکانیان گردبوونەوە و دروشمی "تەندروستی منداڵان لەپێشینە"یەیان دەوتەوە و داوای کرد کە پۆلەکان نەکرێنەوە.

 

ت.پ