ڕێژەی ژنان لە ئاستی بەڕێوەبردنی کۆمپانیا گەورەکانی ئەڵمانیا زیادی کردووە

ڕێژەی بەشداری ژنان لە دەستەی بەڕێوەبردنی ئەو کۆمپانیایانەی بەشداری بۆرسە دەکەن، بۆ ٪١٩.١ زیادی کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

دەرئەنجامی توێژینەوەیەک لە بواری بەشداریکردنی ژنان لە ئاستی بەڕێوەبردنی کۆمپانیا گەورەکانی ئەڵمانیادا، دەریخستووە کە ڕێژەی بەشداری ژنان زیادیکردووە لە بەڕێوەبردنی کۆمپانیا گەورەکاندا.

 

بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی ڤیدار "ژنان لە ناوەندی بەڕێوەبردندا"، دەرکەوتووە ڕێژەی بەشداری ژنان لە ٤٠ کۆمپانیای ئەڵمانیدا کە بەشداری بۆرسەن، لە ٪١٨.٥ بۆ ٪١٩.١ بەرزبووەتەوە، پێشبینیش دەکرێت لە داهاتوودا دوو لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەڵمانیا تەنها لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەببرێن، ئانیا زینگ، جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی ڤیدار، ئاماژەی بەوەداوە، "هەنگاوی زیاتر لە ئاستی سەرکردایەتیدا هەیە لە بۆرسەدا"، ئەم لێدوانەی ئانیاش لە کاتێکدایە کە کارلا کریفت وەک سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی "گروپی Fresenius Medical Care" بۆ ئامێری تەندروستی دیاریکرا،

 

جێی ئاماژەیە، پێلین گاریۆ، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای مێرکی دەرمانسازی یەکەم ژنە لەو وڵاتەدا سەرپەرشتی کۆمپانیایەکی لەو شێوەیە بکات.

 

ئانیا پێشی وایە کە ڕێنماییە نوێیەکان بۆ زیادکردنی ژمارەی ژنان لە ئاستی بەڕێوەبردندا هۆکارێکە کە ڕێژەی بەشداری ژنان لە ٪١٨.٥ بۆ ٪١٩.١ بەرزبووەتەوە، جێی ئاماژەیە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو پەرلەمانی ئەڵمانیا یاسایەکی داڕشت کە پێویستە بەلایەنی کەمەوە یەک ژن لە دەستەی بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیایانەدا هەبێت کە بەشداری بۆرسە دەکەن.