دوو بوومەلەرزە لە هەرێمی کوردستان ڕوویدا

دوو بوومەلەرزە لەنیوان موسڵ و هەولێر ڕوویدا و لە چەند ناوچەیەکی دیکە هەستی پێکرا، بۆیە خەڵک لە ماڵەکانیان هاتنە دەرەوە و زیانی ماددیشی لێکەوتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای بوومەلەرزە بەهێزەکەی ٦ی شوبات کە ١٠ پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیای گرتەوە و زیانی گەورەی گیانی و ماددی لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا لێکەوتەوە، بەهۆی جوڵانی پلێتەکانی ژێر زەوی ڕۆژانە بوومەلەرزە بە گوڕی جیاواز لە ناوچەکە ڕوودەدەن و بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو بوومەلەرزە لە هەرێمی کوردستان ڕوویدا.

 

بەپێی زانیارییەکان بوومەلەرزەی یەکەم کاتژمێر ٢:٢٥ خولەکی بەرەبەیان و بوومەلەرزەی دووەم کاتژمێر ٣:١٠ خولەکی بەرەبەیان ڕوویدا و هاوڵاتیان لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم هەستیان پێکردووە.

 

بوومەلەرزەکان بە گوڕی ٤.٣ پلەی ڕێختەر بووە و زیانی بە ماڵ و ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان گەیاندووە و زیانی گیانی بەدواوە نەبووە.