ژنان لە ٢٧ەمین لوتکەی کۆنفرانسی ژینگەیی داوای چارەسەری بەپەلە دەکەن

لە ٢٧ەمین لوتکەی کۆنفرانسی ژینگەیی کە لە میسر بەڕێوەدەچێت، ژنان ئاماژە بەوەدەکەن کە قەیرانەکانی کەشوهەوا گرێدراوی سیستمی پیاوسالاری و چەوساندنەوەی ژنانە.

ناوەندی هەواڵ

 

٢٧ەمین لوتکەی کۆنفرانسی ژینگەیی لایەنەکان لە شەرم شێخی میسر کە لە ڕۆژی ٦ی تشرینی دووەم دەستیپێکرد و تا ١٨ی هەمان مانگ بەردەوام دەبێت، لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەدا زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس لە سەرۆک و سەرکردە، نوێنەری کۆمپانیا و رێکخراوەکان و زانایان و شارەزایان لە شاری شەرم شێخی سەر دەریای سووردا کۆدەبنەوە و تاوتوێی پرسی گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن و بەرنامەی کاری تایبەت بە چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی بەربەستەکان دادەنێن.

 

لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا ئیکۆ فێمینیستەکان داوای ئەنجامدانی کاری بەپەلە لە حکومەتەکانی جیهان دەکەن دەربارەی قەیرانەکانی ژینگە و ئاماژە بەوەدەکەن بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی گشتگیرتر هەبێت دەربارەی قەیرانەکانی کەشوهەوا و ژینگە، کە پێکەوە گرێدراون بە نادادپەروەری کۆمەڵایەتی، چەوساندنەوەی ژنان، سیستەمی پیاوسالاری و سەرمایەداری، ڕەگەزپەرستی، بە کاڵاکردنی سروشت، کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزم.

 

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی ژینگە ژنان بەکۆمەڵ پشتگیری و کاردەکەن بۆ دانان و جێبەجێکردنی ئەو چارەسەرانەی کە دادپەروەرانەن بۆ ژینگە و خەڵک.

 

داکۆکیکارانی جیهانی و داڕێژەرانی سیاسەت کاردەکەن بۆ دروستکردنی هاودەنگی دژی نادادپەروەری ژینگەیی و کۆمەڵایەتی، هەروەها سەرنجڕادەکێشن بۆ ڕەگ و ڕیشەی ئەو قەیرانانەی بە یەکتر گرێدراون هەڵدەستن بە پێشکەشکردنی دیدگا، پڕۆژە، سیاسەت و ستراتیژییەکان کە کاریان پێبکرێت بۆ داڕشتنی جیهانێکی تەندروست و دادپەروەرانە بۆ هەمووان.