لە باشوری کوردستانەوە داوای ئازادکردنی جەستەیی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دەکرێت

لە ٧٣یەمین ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان حزب و لایەنە سیاسییەکانی چوار پارچەی کوردستان داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەکەن.

سلێمانی

 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بارەگای حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە شاری سلێمانی بەبۆنەی ٧٣یەمین ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، حزب و لایەنە سیاسیەکانی هەر چوار بەشی کوردستان بە لێدوانێکی هاوبەش پشتیوانی خۆیان بۆ دەستبەجێ ئازادکردنی جەستەییان خستەڕوو.


شۆڕش خدر، ئەندامی کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان ئاماژەی بەوەدا لە چەند ڕۆژێکی ڕابردوودا داواکارییەکیان بۆ حزب و لایەنە سیاسییەکان نارد بە ئامانجی یەکگرتن و هاوهەڵوێستی لایەنە جیاوازەکان بوو بۆ ئازادکردنی چەستەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە ڕۆژئاوای زیاتر لە ٢٦ لایەن و لە باکوری کوردستان ١٠ پارتی سیاسی و لە باشوری کوردستانیش هەریەک لە "حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، حیزبی شوعی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان، پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، کۆمەڵە ڕێکخراوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پارتی ئازادی و دیموکراتی ئێزیدیان و پارتی سەوزی کوردستان" داواکارییەکەی کۆمیتەی ئازادی ئۆجالانیان پەسەندکرد.

 

ئەحمەد خدر، نوێنەری حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بەیاننامەی هاوبەشی حیزبەکانی خوێندەوە کە تیایدا هاتبوو، لە ئێستادا ٢٣ ساڵ بەسەر پیلانگێڕی دژ بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا تێدەپەڕێت، هەر یەکێک لەو دەوڵەت و لایەنانەی ئەو پیلانگێڕیە بوون بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری جیاوازیان هەبوو، بەڵام گشتیان لەوەدا کۆک بوون کە ئیرادەی گەلی کوردستان و بزوتنەوەیەکی ئازادی خواز تێکبشکێنن، هەر بۆیە جەخت دەکەینەوە کە تێکۆشانی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان تێکۆشانێکی ڕەوا بووە و لەپێناو چارەسەرکردنی دۆزی کورد بووە.

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا چەندین پڕۆژەی ئاشتی و چارەسەری پێشکەشکردووە بەڵام دەوڵەتی تورکیا بە گۆشەگیری بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان وەڵامی داوەتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ هێرشەکانی بۆ سەر کورد و کوردستان زیادکردووە."

 

لە کۆتایشدا داوایان کرد، کە پێویستە هەموو لایەک هەوڵ بۆ ئازادکردنی دەستبەجێی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بدات و خەڵکی باشووری کوردستان ڕۆڵێکی گرنگی تێدا ببینن.

 

ت.پ