"ژن، ژیان، ئازادی" چیتر دروشم نییە بەڵکو ئامانجە

 دوێنێ شەو لە ٤٠هەمین ڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن حکومەتەوە، شاری سنە جارێکی تر دروشمی ژن،  ژیان، ئازادی بەرزکردەوە و بوو بە قەڵای ڕاپەڕین لەدژی ستەمکاران.

سنە

 تەواوی ڕۆژ سنە مانگرتنێکی تەواوی بەسەر برد، هاوکات لەگەڵ مانگرتنەکان، ناڕەزایەتی شەقام و گەڕەکەکان لەم شارەدا بەڕێوەدەچێت، لە زۆربەی شوێنەکانی سنە، خەڵک بە داگیرساندنی ئاگر و بەردبارانکردن، ڕاپەڕینەکانیان دەستپێکرد، لە یەکتربڕی واکیل، شەقامی سێ ڕیانی شێخان، گۆڕەپانی فایزاباد، جادەی کەمەرەبەند، ١٧ کەمەربەندی شەهریوەر، گۆڕەپانی کارگەر، گەڕەکی تەقتەقان، بیست و پێنج، فەرەح و چەندین گەڕەکی تر، ململانێ و ناڕەزایەتیەکان بەردەوامبوو، خۆپیشاندەران ڕووبەڕووی سەرکوتکردنێکی توند بوونەوە، کە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان دەکەوتن.

 

سەرەڕای ڕشتنی گازی فرمێسکڕێژ بۆ سەر شەقامەکان، خەڵک لە پشت دەرگاکانەوە چاوەڕێیان دەکرد بۆ یارمەتیدانی خۆپیشاندەران و لە یەکێک لە گەڕەکەکاندا خەڵک توانیان ژمارەیەک گەنج داڵدە بدەن.

 

شایەتحاڵێک ڕایگەیاندووە: کاتێک ئەفسەرەکان هێرشیان کردووەتە سەر کۆڵانەکە، دراوسێکان گڵۆپەکانیان کوژاندەوە بۆ ئەوەی ئەفسەرەکان نەتوانن ئەو گەنجانە بدۆزنەوە کە پەنایان بردووە، بەڵام بە زۆر لە هەندێک لە ماڵەکانیان پشکنیووە، تەقەیان لە چەند کەسێک کردووە و یەکێک لە دراوسێکان گەنجێکی برینداری بردووەتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی.

 

ئەم شایەتحاڵە لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە لە کۆڵانەکەدا تەنیا دەنگی تەقە و هاواری گەنجان دەبیسترا، کە لەلایەن ئەفسەرەکانەوە لێیان دەدرا، لە خانووبەرەی مێهر بەهاران ژنان بە لابردنی باڵاپۆش و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" توانیان خەڵک کۆبکەنەوە و دەستیان بە خۆپیشاندان کرد.

 

ژنان لە شەقامی ڤاکیل دروشمی ژن، ژیان، ئازادییان دەوتەوە، خێزانەکان لەگەڵ منداڵەکانیان هاتنە دەرەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین و ژنان بێ باڵاپۆش بوون، هەموو هێزە ئەمنییەکانی شاری سنە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و بە ماتۆڕسکیلەکانیان لە شارەکەدا مانۆڕیان دەکرد بۆ دروستکردنی ترس و تۆقین لای هاوڵاتیان.