بە تۆمەتى بڕینەوەى داری سروشتى لە شارباژێڕی سلێمانی کەسێک دەستگیر کرا

پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕایگەیاند، هاوڵاتییەکیان دەستگیر کردووە، کە لە سنووری گوندی شێخەڵمارێن -ی سەر بە شارەدێى زەلان هەستاوە بە بڕینی داری سروشتی و تەختکردنی زەوی.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوىکردەوە، هاوڵاتییەکیان دەستگیر کردووە، کە لە سنووری گوندی شێخەڵمارێنی سەر بە شارەدێى زەلان لە شارباژێر هەستاوە بڕین و تەختکردنی زەوی و زیان گەیاندن بە ژمارەیەک نەمام و داری سروشتی.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستادا ئەو کەسە دەستگیرکراوەکە ڕێکارى یاسایى بەرامبەر گیراوەتە بەر.

 

ئەوە لەکاتێکدایە بەدەر لە بڕینەوەی دارو زیان گەیاندن بە نەمام و داری سروشتی، لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە بەشێک لە گوندو ناوچەکانی شارباژێر لە سلێمانی بە هەزاران دۆنم پوش و پاوان و داری سروشتی سووتاون.