شۆڕشی ژنان، ڕێپێوانی ژنانی ئازادیخواز لە شەقامەکان
شۆڕشی ژنان کە بە کوشتنی ژینا ئەمینی دەستی پێکرد، زیاتر لە ٥٠ ڕۆژە بەردەوامە و شەوی ڕابردووش شۆڕشگێڕان بە ئامادەیییەکی زۆر لە شەقامەکاندا ڕژێمی ئێرانیان بە حکومەتێکی دیکتاتۆر ناوبرد و خوازیاری ڕووخاندنی بوون.
ناوەندی هەواڵ
سەرەڕای سەختی ژینگەی ئەمنی و هەڕەشە و گرتن و کوشتنی گەنجان بەتایبەت لە شارەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان و بەلووچستان و شارەکانی دیکەی ئێران، شەوی ڕابردوو خۆپیشاندەران بە ئامادەیییەکی زۆر لە شەقامەکاندا خەباتیان بۆ ئازادی کرد.
بە پێی ئەو هەواڵانەی لە سنە، مەهاباد، کرماشان، ئیلام، بانە، بۆکان، سەققز، مەریوان، دیواندرێ، پیرانشار، نەقدە، موجەش، دێهگۆلان و شارەکانی دیکە بڵاوکراونەتەوە، شۆڕشگێڕان ئاگریان داگیرساند، دروشمیان دژی ڕژێمی ئێران دەوتەوە، سرود، و لافیتەیان سووتاند، حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە سوپا و دروستکردنی خەندەق لە شەقامەکاندا درێژەیان بە شۆڕشەکە دا و ڕایانگەیاند کە پاشەکشە ناکەن لە ئامانجەکەیان کە ئازادییە، تا ئەو کاتەی ئازادی بەدەست نەهێنن و تۆڵەی خوێنی مردووەکانیان نەکەنەوە لە خەباتیان بەردەوام دەبن.
بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، گرژی لە نێوان شۆڕشگێڕان و هێزە داگیرکەرەکانی حکومەت درووستبووە و بە تایبەت لە شاری مەهاباد کە خەڵک سڵاویان لە تەرمی فایق مام قادر دەکرد و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان بە گوللەی جەنگ و فیشەک بریندار بوون، تا ئێستا هیچ ئامارێکی دروستی برینداران و کوژراوانی شەوی ڕابردوو لە شاری مەهاباد و شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاونەکراوەتەوە.