کەژەکە داوای چڕکردنەوەی خەبات لە دژی لەسێدارەدانی چالاکوانانی ژن دەکات

چالاکوانانی مافەکانی ژنان پەخشان عەزیزی، لە ٢٣ی تەمووز و شەریفە محەمەدی لە ٤ی تەمووزدا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا، کەژەکەش داوای چڕکردنەوەی خەبات دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵەی ژنانی کوردستان-کەژەکە ڕاگەیەندراوێکی دژی سزای لەسێدارەدانی چلاکوانانی ژن بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، کە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢ بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" تێکۆشانی هەبوون، ناسنامە و ئازادییان دەستپێکرد، "لە سەدەی ٢١دا، وەک تەڤگەری ژنانی کورد، زۆرجار وتوومانە "سەدەی ژنان - شۆڕشی ژنان"، گەیشتووین بە قۆناغێکی وەها کە ئیتر وتەکەمان لە بانگەشەوە گۆڕاوە بۆ ڕاستییەکی ماددی و تا ئێستاش لەم قۆناغەداین، وەک ژنانی کورد پیشانماندا کە ئێمە خاوەنی بیرێکین تا ئەم ڕاستییە لە بانگەشە دەربهێنین و شۆڕشی ژنان بەدی بهێنین، هەر لەم خاڵەدا شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا بوو بە نموونەیەک کە ئەم بانگەشەیەی ئێمەی تێدا بەڕوونی دەرکەوت، ئەم ڕاستییە بووە ئیلهامبەخش بۆ ژنانی جیهان، ئەمڕۆ لە هەموو لایەکی جیهانەوە ژنان بەرخۆدان دەکەن دژی سیاسەتی قڕکردنی ژنان و کۆڵۆنیاڵیزم و نایەکسانی و کۆیلەکردن و دەوڵەتی پیاوسالار، لەم ڕووەوە ژنان لەڕێگەی ڕاستی "ژن، ژیان، ئازادی"یەوە دەنگ و هاواری خۆیان بەرز کردەوە".

 

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا کەژەکە تیشکی خستەسەر بەرخۆدانی گەلان، "لە کاتێکدا کە ژیان بۆ ژنان و گەلان بووەتە کابووس، بەرخۆدانی ژنان گەورە و بەهێز بوو، ئەم بەرخۆدانەی ژنان هێشتاش زەحمەتی زۆر ڕووبەڕووی سیستمی پیاوسالار دەکاتەوە، ڕاستی ژن کە بووەتە ترسێک بۆ دەسەڵات، ئەمڕۆ هیوا بە تێکۆشانی گەلان دەبەخشێت، هێز و باوەڕ دەبەخشێت، ئازادی لە ڕێگەی ژنانەوە دێتەدی و ئەم ڕاستییە واتای قووڵتر بەدەست دەهێنێت و دێتە پێش، لە ئاستی جیهانی و خۆجێیدا، هەموو ئەو قەیرانانەی کە سیستمی دەوڵەتی پیاوسالاری دروستی کردووە، هەوڵدەدەن هەموو ساتێکی ژیان بخنکێنن، لەم سەردەمە خوێناوی و ستەمکارەدا ژیانیان کردووەتە کابووس و واتاکەیان لەناوبردووە، لە سەردەمێکی وەهادا تێکۆشانی ژنان وەک سەرچاوەیەکی ڕووناکی کاریگەری لەسەر ژیانی مرۆڤایەتی دادەنێت.

 

"ئەمڕۆ لە زۆر شوێنی جیهان تێکۆشانی ژنان بە ئیرادە و بوێرییەوە بەرەو پێش دەچێت"

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی کەژەکەدا هاتووە، "لەم سەردەمەدا لەناو سیستمی دەوڵەت-نەتەوە و پیاوسالاردا خراپەی ڕێکخراو بەسەر ژیانی ژناندا دەسەپێندریت، بەم ڕێگەیە دەخوازرێت هەموو ئازادی و مافە کۆمەڵایەتییەکان بسڕنەوە، لە قۆناغێکی وەهادا، ڕژێمی ئێران بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەر چالاکوانی ژن پەخشان عەزیزی سەپاند، لە بناغەی ئەم قەیرانانەی کە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گەمارۆداوە، دەخوازرێت کێشەکان لەڕێگەوە فشارەوە چارەسەر بکرێن، بۆیە هەر ڕەتکردنەوەیەکی ژنان بۆ سیستم، چارەسەری قەیرانەکان و دیموکراسییە، بەڵام دوژمنانی گەل و ژن، پێداگرن لە سیاسەتەکانی فشار و کۆمەڵکوژی و لەناوبردن، بڕیاری لەسێدارەدان دەرهەق بە چالاکوانی مافەکانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، واتای قووڵبوونەوەی پشێوییە، ئەو هۆکارانەی ژنان پاڵدەنێن بۆ ڕاپەڕین، هێندەی ئاو و هەوا داخوازیی گرنگن بۆ ژیانی مرۆڤەکان، ئەمڕۆ لە زۆر شوێنی جیهان تێکۆشانی ژنان بە ئیرادە و بوێرییەوە بەرەو پێش دەچێت، ڕژێمی ئێران کە دوژمنایەتی ژنان دەکات، سزای قورس بەسەر ژنە تێکۆشەرەکاندا دەسەپێنێت و کۆیلایەتی ڕەها بۆ ژنان بە ڕەوا دەزانێت، ئەم دەسەڵاتە بە بڕیاری لەم جۆرە سەبارەت بە ژنان، دەیەوێت تۆڵە لە ژنان بکاتەوە، ژنان لەو هەرێمانەی فشار تێیدا زۆرە، چوونە مەیدانەکان".

 

هەروەها باسی لە تێکۆشانی ژنان کرد و کەژەکە دەڵێت: نزیکەی ٤٠ ساڵە ژنانی کورد دژی فاشیزمی تورک بەرخۆدان دەکەن، بەرخۆدانی ژنان لە دژی ڕژێمەکانی تاڵیبان و ئێران، گوزارشت لەم ڕاستییە دەکات، دەوڵەتانی سەرانسەری جیهان بۆ لەناوبردنی تێکۆشانی ئازادیی ژنان، هەوڵدەدەن لەڕێگەی پێشخستنی ڕێوشوێنی نەرم-توندەوە هەبوونی خۆیان بپارێزن، هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتان لەناو هاوسەنگیەکدا، ئەو نایەکسانییە دەپارێزن کە لە کەسایەتی ژناندا بەسەر ژیاندا سەپێندراوە، بۆ درێژەکێشانی ئەمەش هاوکاری یەکدی دەکەن، ئەوەی وا دەکات پیاو پەیوەست بە هەموو نایەکسانییەکان خۆی ڕێکخراو بکات، سەرچاوەکەی دەوڵەتە، بۆیە تەڤگەرەکانی ژنان و تێکۆشانی ژنان بۆ ئازادی کە دژی دەوڵەت بەرخۆدان دەکەن و لێپرسینەوە لە دەوڵەت دەکەن، سەرچاوەی سەرەکی ترسەکانی دەوڵەتن، کارەکانی سیستمی ستەمکاری پیاوسالاری قەدەغەکار و فشارکەر و داگیرکەر و ڕەگەزپەرست، ناتوانن ڕێگە لە تێکۆشانی ژنان بگرن، چونکە ژنان بەرامبەر ئەم سیستمە سەریان بەرز کردووەتەوە، ئەو تێکۆشانەی ئێستە دەکرێت، دیارترین نیشانەی ئەم ڕاستییەیە، ژنان چیتر تەحەمولیان نەماوە بەرامبەر پاشڤەڕۆیی پیاوان و ئەو فۆرمانەی ژیان کە بەدەستی سیستمی پیاوسالار ئافرێندراون.

 

"ناتوانن بە لەسێدارەدان و ئەشکەنجە هێزی تێکۆشانی ژنان لەناوببەن"

کەژەکە سیاسەتی دوژمنایەتی ژنانە هەڵدەسەنگێنێت و لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت: ئەو سیاسەتی قەدەغە و فشار و کوشتن و گرتن و لەسێدارەدانەی لەسەر تێکۆشانی ژنان دەسەپێندرێت، سیاسەتی دوژمنایەتی ژنانە، باش ئەمە دەزانین و ئەم سیاسەتانە ڕەت دەکەینەوە، ڕژێمی ئێرانی دوژمنی ژنان، ئەوە نابینێت، یان نایەوێت بیبینێت کە ژنان هێزی بەرخۆدانیان بەدەستهێناوە، ئێوە ناتوانن بە کارەکانی وەک لەسێدارەدان و قەدەغەکردن و فشار و ئەشکەنجە هێزی تێکۆشانی ژنان لەناوببەن، تێکۆشانی گەلان و ژنان بەرامبەر ئەم کارانە دەبێتە مایەی لەناوچوونتان، ژنان هەرگیز لە تێکۆشانی خۆیان پەشیمان نەبوونەتەوە و دەست لە تێکۆشان هەڵناگرن، بەپێچەوانەوە بەرامبەر ستەم و فشاری ژنان، تێکۆشانیان مەزنتر دەکەن، لە کوردستان ژنان بە تێکۆشان و جۆش و بوێریی خۆیان نیشانیان داوە کە دەست لە مافی خۆیان هەڵناگرن، بۆیە بانگەواز لە ڕژێمی ئێرانی دوژمنی ژن دەکەین، با دەست لە کارە قێزەونەکانی دژی ژنان هەڵبگرێت.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی کەژەکەدا هاتووە: دووپاتی دەکەینەوە، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لەسێدارەدان و گوێگرتن بۆ داخوازییە ڕەواکانی ژنان بۆ هەبوونی خودی ڕژێمەکە زۆر گرنگە، سیاسەتی لەسێدارەدان نابێتە ئاستەنگ لەبەردەم تێکۆشانی ژنان، ناتوانن بە سزای لەسێدارەدان، گەل و ژنان بوەستێنن، دەسەڵاتەکان هەر چۆنێک بن، ژنان دەست لە تێکۆشانیان بۆ ئازادی و دیموکراسی هەڵناگرن، سەرەڕای مەزنترین کارە خراپەکان، تێکۆشانی ژنان ناوەستێت، لێرەشەوە، بانگەواز لە هەموو ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و لایەنە دیموکراتیکەکان و تەڤگەرەکانی ژنان دەکەین، بەرامبەر کارەکانی ڕژێمی ئێران کە لە زیندان و لە هەموو بوارەکانی ژیان دژی ژنان دەیسەپێنێت، هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن و تێکۆشانی هاوبەش مەزنتر بکەن.