گەنجان ساڵیادی ئازادکردنی شەنگالیان پیرۆز کرد

گەنجانی ئیزیدخان بە مەبەستی پیرۆزکردنی ساڵیادی ڕزگارکردنی شەنگال سەردانی گۆڕستانی شەهیدانیان لە سەردەشت کرد و مۆمیان داگیرساند و دوای سەردانەکە ئاهەنگیان گێڕا.

شەنگال

 

بەبۆنەی هەشتەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی شەنگال لە دەستی چەتەکانی داعش، گەنجان و ژنان سەردانی گۆڕستانی شەهیدانی شەنگالیان کرد و مۆمیان لەسەر مەزاری شەهیدان داگیرساند و پیرۆزبایی ڕزگارکردنی شەنگالیان کرد، دواتر گەنجەکان چوونە باخچەی ڕێبەر ئاپۆ و بە کردنەوەی ئاگرێکی گەورە و ئاهەنگ گێڕان و وتنەوەی دروشم ساڵیادەکەیان بەرز ڕاگرت.

 

"بە سایەی شەهیدان شەنگال ئازاد بوو"

ڕەمزا جەمیل شەمۆ، ئەندامی ژنانی گەنج، پیرۆزبایی ڕۆژی ڕزگارکردنی شەنگال لە هەموو لایەک کرد و وتی: ڕۆژی ڕزگارکردنی شەنگال سەرەتا لە شەهیدەکانمان پیرۆز دەکەین، ئەمڕۆ هاتووین بۆ گۆڕستان و مۆم دادەگیرسێنین، چونکە بە سایەی ئەم شەهیدانە شەنگال ڕزگاری بوو، دواتر دەچینە باخچەی ڕێبەرایەتی و لەوێ ئاگر دەکەینەوە و بە هەڵپەڕکێ درێژە بە یادەکەمان دەدەین، پێشتر ژنانی ئێزیدی دەچەوسێنرانەوە، بەڵام دوای ئازادکردنی شەنگال، ژنان هەنگاوێکی گەورەیان ناوە و هەموو ئەمانەش لە سایەی شەهیدەکانمانەوە پێکهاتووە.

 

زین سەردەشت، ئەندامی ژنانی گەنج، سەرەتا شەهیدانی فەرمانی ٧٤ی بەبیر هێنایەوە و وتی: پێش هەموو شتێک شەهیدانی فەرمانی ٧٤ بەبیر دەهێنینەوە و سەریان بۆ دادەنەوێنین، ئەمڕۆ هاتین بۆ گۆڕستانی شەهیدان تا مۆم دابگیرسێنین، ئێمە بە سایەی شەهیدان ڕزگار بووین، هەر بۆیە پێش هەموو شتێک لێرە مۆممان داگیرساند و دەڵێین ڕزگاری شەنگال لە شەهیدان پیرۆز بێت.

 

ئاهەنگەکە تا درەنگانی شەو بە وتنەوەی دروشم و گۆرانی و هەڵپەڕکێ بەردەوام بوو.