یەکەمین فێستیڤاڵی گویز لە خورماڵ دەستی پێکرد
بە مەبەستی بە بازاڕکردنی بەرهەمی خۆماڵی و ئاشناکردنیان بە کڕیاران، یەکەمین فێستیڤاڵی گوێز لە شارەدێی خورماڵ دەستی پێکرد.
هەڵەبجە
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شارەدێی خورماڵ سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، یەکەمین بازاڕچەی بە بازاڕکردنی بەرهەمی خۆماڵی و فێستیڤاڵی گوێز بەڕێوەچوو، تیایدا بەرهەمی خۆماڵی گوێز، ڕۆنی خۆماڵی، دۆشاوی توو، هەنار و ئاوی دەنار و سرکەی تایدا نمایش کرا.
لە فێستیڤاڵەکەدا چەندین ژن بە فرۆشتنی بەروبومی خۆماڵی بەشدار بوون، لەیلا محەمەد، لە هەورامانەوە بەشداربوویەکی فێستیڤاڵەکەیە و وتی: لە فێستیڤاڵەکاندا بەشداری دەکەین و بەرهەمی گوێز و هەنگوین دادەنێین، گوێزی هەورامان بەوە جیا دەکرێتەوە کە تام و بۆنی جیاواز و خۆشە و هاوڵاتیان زیاتر خواستیان لەسەر بەروبومی خۆماڵییە.
شەرافەت رۆستەم بەشداری فێستیڤاڵەکەی کردەوە و وتی: بە مەبەستی مانەوەی کولتووری کوردی و کوردەواری وەک هەورامی زمان هاتووم و بە هەبوونی ئەم چالاکییانە بەروبومەکانمان خواست لەسەریان زیاد دەکات.
ڕۆزی ئاوات بەشداربوویەکی دیکەیە و وتی: هەرچەندە یەکەم فێستیڤاڵە کە لە خورماڵدا بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەزموونێکی باشە و دەتوانین کارەکانمان نمایش بکەین و لەوە باشترە لە ماڵەکانمان بمێنینەوە.
بڕیارە فێستیڤاڵی گوێز ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بێت و ئامانجیانە بتوانن فێستیڤاڵەکە بگوازنەوە بۆ شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.