سوەیدا، ژنان پێشەنگی ناڕەزایەتییەکانن

بەشداریکردن لەو خۆپیشاندانانەی کە زیاتر لە هەفتەیەکە لە شاری سوەیدای سووریا بەڕێوەدەچێت، تەنها لە گروپێکی دیاریکراودا سنووردار نەبووە، ژنانیش پێشەنگایەتی دەکەن و ڕۆڵی بەرچاویان هەیە، خۆپیشاندەران داوای "ڕووخاندنی ڕژێم" دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

شاری سوەیدای سووریا لە ٢٠ی ئابەوە خۆپیشاندانی بەرفراوان دەستیپێکردووە و ناڕەزایەتی دژی خراپتربوونی بارودۆخی ئابووری و ژیان دەردەبڕن و داوای "ڕووخاندنی ڕژێم" دەکەن، بە وتەی بەشداربووان و چالاکوانانی مەدەنی، لە یەکەم ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی شاری سوەیداوە زۆربەی دامودەزگا گشتییەکان ڕاوەستاون و کەرتە گشتییەکان بەشداری چالاکییەکانیان کردووە.

 

دوێنێ یەکشەممە 27ی ئاب، خۆپیشاندەران دەروازەی سەرەکی سەرکردایەتی لقی "بەعس"یان لە سوەیدا داخست، ڕێگری لە ئەندامانی لقەکە کرا بچنە ناویەوە هاوکات بەرپرسانی ناڕەزایەتییەکان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە، کە تیایدا ڕوونیان کردەوە کە "ڕاپەڕین بەردەوامە"، داوای "گۆڕینی ڕژێم و جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام"یان کردووە، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە داخستنی لقی حزب و هەموو بارەگا حزبییەکان لە شار و شارۆچکە و گوندەکانی پارێزگا بڕیارێکە گەڕانەوەی نییە.

 

زۆرێک لە گرتە ڤیدیۆیی و وێنەکان کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بڵاوبوونەتەوە، بەشدارییەکی زۆری ژنانیان لە ناڕەزایەتییەکاندا دەرخستووە، بە هەڵگرتنی لافیتەیەک کە دەربڕینی ئازار و داواکارییەکانیان و توڕەیی خۆیان لە سیاسەتی دەسەڵاتی دەسەڵاتدار کردووە، جەختیان لەسەر پێویستی وەستانەوە بەرامبەر ئەو گۆشەگیرییە کردووەتەوە کە لە دژی ئەوان پراکتیزە دەکرێت.