"سەرەڕای ئەوەی بەسەر ژنانی ئێزیدیدا هات هەوڵی بەرەوپێشچوون دەدەن"

ژنانی گەنجی ئێزیدی باس لە ئازارەکانی ئەو ژنە ئێزیدییە دەکەن کە لەلایەن داعشەوە کوژراون و ڕفێندراون و دەستدرێژیان کراوەتە سەر.

شيرين محەمەد

 

قامیشلۆ- دوای ئازادکردنی شەنگال لە ساڵی ٢٠١٥، چارەنووسی زۆرێک لە ژنانی ئێزیدی کە لەلایەن داعشەوە ڕفێندرابوون و فرۆشران و بۆ چەند مانگ و ساڵێک بە دیل گیران، تا ئێستا نادیارە، سەبارەت بەوەی ژنانی ئێزدی لەسەر دەستی داعش تووشی چی بوون، نالین ڕەشۆ، ئەندامی ماڵی ئێزیدی ئاماژەی بەوەکرد، داعش پێشێلکاری زۆری بەرامبەر ئێزیدییەکان ئەنجامداوە، دوای ئەوەی لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ هێرشی کردە سەر شەنگال، بووە هۆی ئاوارەبوون و کوشتن و تاڵانکردن و ڕفاندنی هەزاران ئێزیدی، دەشڵێت: ژنانی ئێزدی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، چونکە ئێزدییەکانیان وەک کاڵایەک بۆ فرۆشتن لە بازاڕە دیلەکاندا بەکارهێنران، هەروەها ژمارەیەکی زۆریان لێ کوژراوە و دەستدرێژیان کراوەتە سەر.

 

ڕوونیکردەوە، داعش هەزاران منداڵ و پیاویشی کوشتووە، هەروەها دەستدرێژی کردۆتە سەر کچانی خوار تەمەنی ١٠ ساڵان، هەروەها بە ڕێگەی کرداریانە هەوڵیان داوە بیرکردنەوەی منداڵان و بەکارهێنانی بەرژەوەندییە کەسییەکانیان بگۆڕن، تا ئەمڕۆش ٧٤ کۆمەڵکوژی لە نێوان بێدەنگی نێودەوڵەتیدا ئەنجامدراوە و هەزاران ژنی ئێزیدیش لە ترسی دەستدرێژیکردنە سەریان یان فرۆشتنیان، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا لە کاتێکدا لە چنگی داعشدا بوون.

 

هەیا ڕەشۆ، یەکێکی دیکە لە ئەندامانی ماڵی ئێزیدی، ڕوونیکردەوە، هێرشی دڕندانەی داعش بۆ سەر شەنگال بووە هۆی ئاوارەبوون و کوشتنی هەزاران خێزان، ئەوانیش گەنجانیان بە زۆر لەسەر ئایدۆلۆژیا و ڕێبازەکەیان پەروەردە دەکرد، "ئەو شەڕ و توندوتیژیانە کاریگەی نەرێنیی هەبووە لەسەر ئێزیدییەکان و کۆمەڵگەی ئێزیدی، هەندێکیان ناچار بوون دەستبەرداری ئایین و کولتوورەکەیان بن، دوای ئەوەی ڕفێنران لەلایەن داعشەوە.

 

لە ساڵی ٢٠١٥ شەنگال لەلایەن هێزەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی ژنانی ئازاد و یەکینەکانی ژنان لە شەنگال و یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال ئازاد کرا و هەزاران خێزان گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، سەدان ژنی ئێزیدی ئازاد کران و گەڕێنرانەوە ناو بنەماڵەکانیان.

 

سەلوە ئاجۆ، یەکێکی دیکە لە ژنە گەنجەکان وتی: ژنانی ئێزدی توندوتیژی زۆریان بەسەردا هاتووە، ئەستەمە بیانگەڕێنینەوە بۆ سەر دۆخی جارانیان، ئەوان پێویستیان بە پسپۆڕ هەیە بۆ ئەوەی لە قەیرانەکان دوور بکەونەوە، یەکینەکانی پاراستنی ژنان گەورەترین ڕۆڵیان لە پاراستن و ئازادکردنی ژنانی ئێزیدیدا هەبووە، دوای چەند ساڵێک لە ڕزگارکردنی شەنگال، ژنانی ئێزیدی توانیان وردە وردە بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان، بەڵام دەبێت داعش لەسەر تاوانەکانی دادگایی بکرێت.