گەمارۆدان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکان ئازاری ئاوارەکانی عەفرین گەورەتر دەکات

خەڵکی شاری شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەدەست تێکچوونی دۆخی ژیان و سەختی دەستەبەرکردنی کەرەستەی وەک دەرمانی پزیشکی دەناڵێنن، چونکە بەهۆی گەمارۆوە ناگاتە دەستیان.

ڕووبارین بەکر

 

شەهبا- ئەو گەمارۆیەی کە بەسەر کانتۆنی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەپێندرا، ئازاری خەڵکی ئاوارەبووی عەفرینی دوو هێندە کردووە، بەتایبەت کە بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە نەخۆشی زیاتر بڵاوبوونەتەوە.

 

حکومەتی دیمەشق زیاتر لە ٥ ساڵە گەمارۆیەکی خنکێنەری بەسەر گەڕەکەکانی شەهبا و شێخ مەقسود و ئەشرەفیەدا سەپاندووە، لە مانگی ئابی ٢٠٢٢دا گەمارۆکان توندتر بووە و ڕێگری لە تێپەڕبوونی کەرەستەی سەرەتایی و سووتەمەنی و دەرمان دەکرێت، کە کاریگەری لەسەر بواری تەندروستی و ژیانی خەڵک کردووە، لەناو کامپەکانیشدا، کە ئاوارەی عەفرینی تیادایە، نەخۆشی زیاتر بڵاوبووەتەوە.

 

سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر ئاوارەبوونیان و توندبوونەوەی ئازارەکانیان، ئاوارەکانی عەفرین هیچ بژاردەیەکیان نییە جگە لە بەرخۆدانی، بەو هیوایەی بگەڕێنەوە بۆ شاری عەفرین، هالە عەبدولڕەحمان ئاوارەیەکە و دەربارەی ژیانیان لە کامپدا دەڵێت: ساڵ لە دوای ساڵ بارودۆخمان خراپتر دەبێت، بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا، کاتێک پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە و نەخۆشیەکان بڵاودەبنەوە، گەمارۆ سەپێنراوە بەسەر پارێزگاکەدا و ڕێگری لە وەرگرتنی چارەسەری دەکات، ئەمەش ناوەندە پزیشکییەکان دەخاتە مەترسی وەستانەوە، هەروەها زۆربەی دەرمانەکان نەماون و ئەوانەی لەبەردەستدان خەریکە تەواو دەبن.

 

هالە ئاماژەی بەوەشکرد، "زۆر سیاسەتی سیستماتیکی لە دژی ئێمە بەڕێوە دەبرێت، وەک بەردەوامی هێرش و گەمارۆدان، بە ئامانجی نەهێشتنی ئێمە و بەرخۆدانمان، بەڵام دەبێت بزانێت کە ئێمە تەنها بۆ گەڕانەوە بۆ عەفرین بەرگەی ئەو هەموو ئازارە دەگرین".

 

عائیشە خەلۆ باسی لەوەش کرد، بە سەختی بەرگەی ژیان لە چادردا دەگرن، بەو پێیەی لە سەرمای زستان و گەرمای هاوین نایانپارێزن، دەشڵێت: ئەم چادرانە ناتوانن لە تیشکی بەهێزی خۆر بمانپارێزن، تەنانەت خانووەکانی شەهباش وێرانن و شیاوی نیشتەجێبوون نین، سەرەڕای ئەم هەموو ئازارە ئیرادەمان بەهێزە و هەموو ئەو کێشانە تێدەپەڕێنین.

 

علیا محەمەد، هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستی عەفرین-شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەڵێت: ئازاری ئەو ئاوارانەی کە لە کەمپەکاندا دەژین لە وەرزی هاویندا زیاتر دەبێت، ئەو مێرووانەی کە دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی پێست زۆر دەبن، ئەو گەمارۆ خنکێنەرەی ساڵانێک لەمەوبەر لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە بەسەر ناوچەکەدا سەپێندرا، ئازاری ئاوارەکانی دوو هێندە کردووە، بەو پێیەی کەرەستەی سەرەتایی بەتایبەتی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی، لەبەردەستدا نەماوە، ئەمە جگە لەوەی کەمیی سووتەمەنی هەیە، کە بووە هۆی ڕاگرتنی زۆربەی دامەزراوە پزیشکییەکان و تێکچوونی بارودۆخی هەندێک لە نەخۆشەکان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، نەخۆشیەکانی گەدە و وشکبوونەوەی لەش لە منداڵان و بەساڵاچووان زۆرترین نەخۆشین لەڕێگەی خۆراک و سەوزە پیسبووەکانەوە تووش دەبن، بۆیە بانگەوازی لە هەموو ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکەین، کە بارودۆخی ئاوارە زۆرەملێکان لە شەهبا لەبەرچاو بگرن و دەروازە و ڕێگاکانیان بۆ بکەنەوە تا بتوانن دوور لە ئازار و نەخۆشی بژین.