"بە ئامانجگرتنی ژنان بە ئامانجگرتنی شۆڕشی ڕۆژئاوایە"

ژنانی کۆچبەری عەفرین لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە لە کانتۆنی شەهبا دەژین، تیشکیان خستە سەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە و ئاماژەیان بەوەکرد بە ئامانجگرتنی ژنانی پێشەنگ بەئامانجگرتنی شۆڕشی ڕۆژئاوایە.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- لە ١٠ی حوزەیرانەوە دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هێرش دەکات کە بە خەبات و بەرخۆدانی دژی چەتەکانی داعش ناسراوە، لە ٢٠ی حوزەیران، دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێک لەسەر ڕێگای نێوان قامیشلۆ و تربەسپی، لە ئەنجامی هێرشەکەدا، یوسرا دەروێش، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆنی قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و جێگرەکەی لێمان شوێش و هاوڵاتییەک بە ناوی فیرات تۆما گیانیان لەدەستدا، سەرەڕای زیادبوونی کاردانەوەکان بەرامبەر ئەم کۆمەڵکوژییە، ژنانی عەفرین کە بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە ناچار بە کۆچ کراون بۆ کانتۆنی شەهبا، کاردانەوەی خۆیان دەربڕی.

 

ژنان تیشکیان خستە سەر هێرشە سیستماتیکییەکان بۆ سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ئاماژەیان بەوە کرد کە بە تایبەتی بە ئامانجگرتنی ژنانی پێشەنگ بە ئامانجگرتنی شۆڕشی ژنانە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

 

"ئامانج شکستهێنانە بە شۆڕش"

ئەمینا سلێمان ئاماژەی بەوەدا کە بە ئامانجگرتنی کەسایەتییەکانی ژنان مانای بە ئامانجگرتنی ژیانە و وتی: ئێمە هەموو ڕۆژێک لە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیادا دەژین، کە ئامانج لێی بەئامانجگرتنی ژنانە بەتایبەتی لەبەر ئەوەی ژنان پێشەنگایەتی کۆمەڵگە دەکەن و بە یەکسانی ژیان دروست دەکەن، بۆیە هەمیشە بە هێرش دەکرێنە ئامانج، خواستی دوژمن بریتییە لە سەرکوتکردنی ئیرادەی ژنان، ژنان بە سایەی شۆڕشی ڕۆژئاوا، لە پلەی یەکەمدا بوون لە بوارەکانی سەربازی و سیاسی و دیپلۆماسیدا، لە بەرخۆدانی سەردەم لە عەفرین، ژنان لە ڕیزی ئەکەمدا بوون و لە بەرامبەر داگیرکاری بەرخۆدانیان کرد، ئەو کۆمەڵکوژییەی کە لە قامیشلۆ ڕوویدا و کەسایەتییەکانی ژنانی کردە ئامانج، ئەوە نیشان دەدات کە دوژمن لە هێز و ئیرادەی ژنان دەترسێت، هەروەها ئامانجی بە ئامانجگرتنی ژنان واتە بە ئامانجگرتنی شۆڕش.

 

"دەستکەوتەکانی ژنان بە ئامانج دەگیرێن"

هێڤین محەمەد ئیدانەی هێرش و بەئامانجگرتنی ژنانی پێشەنگی شۆڕشی کردو وتی: هێرش و بە ئامانجگرتنی ژنان لە ناو شۆڕشدا مانای ئەوەیە دەستکەوتەکانی ئەو شۆڕشە بکەنە ئامانج کە ژنان بەدەستیان هێناون، ئێمە ئەو هێرشانە ئیدانە دەکەین، ئەوانەی لە هەموو لایەکەوە پێشەنگایەتی شۆڕش دەکەن ژنانن، بۆ ئەوەی ئەم شۆڕشە شکست بهێنێت و دوژمن ئامانجەکەی بەدەست بهێنێت، ژنان هەمیشە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانەوە بە شێوەی جۆراوجۆر دەکرێنە ئامانج، بەڵام لەجێی هەر ژنێک کە بە ئامانج دەگیرێت، هەزاران ژن هەڵدەستن و دەنگی ئازادی جیهان بەرز دەکەنەوە، هەرچەندە هێرشەکان بۆ سەر ئێمە قورسترن، هەرگیز کۆڵ نادەین، ئێمە دەبینە شوێنکەوتوانی ئەو ژنانەی کە لەلایەن داگیرکارییەوە کرانە ئامانج و سەرکەوتوو دەبین لە شۆڕشەکەماندا.

 

بانگەوازی تێکۆشان

حەمیدە محەمەد داوای لە ژنان کرد لە سەرانسەری جیهاندا هەستن و وتی: کۆمەڵکوژی دژ بە ژنان جێگای ئازار و دڵتەنگییە، بەڵام ئێمە هێزی خۆمان لەو ئازارە بەهێزتر دەکەین، شۆڕشی ڕۆژئاوا بە شۆڕشی ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا ناسراوە، چونکە لەم شۆڕشەدا بە ئازادی و کۆمەڵگەی خۆیان گەیشتوون، پێشکەوتنی ژنان شکستی هەموو دەوڵەتانە، ئیدانەی هەموو ئەو وڵاتانە دەکەین کە دەستیان هەیە  لە بەئامانجگرتنی ژنان، داوا لە ژنانی جیهان دەکەم کە هەستن و بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەدوای ڕاستی و سروشتی خۆیان دژی کۆمەڵکوژی بگەڕێن.