عێراق، دوو ژن لە زیقار بە گوماناویی گیانیان لەدەستدا
لە پارێزگای زیقاری باشووری عێراق لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا دوو حاڵەتی گوماناویی گیان لەدەستدانی دوو ژن تۆمار کراوە، کە تەمەنیان ١٨ و ١٩ ساڵانە.
ناوەندی هەواڵ
ژنان لە عێراق بەهۆی عەقڵیەتی پیاوسالاری هەمیشە ڕووبەرووی توندوتیژی و جیاکاری و پەراوێزخستن دەبنەوە، ئامارەکان سەبارەت بە خۆکوشتن و کوشتنی ژنان بەردەوام لە زیاد بووندایە، بە جۆرێک گەیشتووەتە ئەوەی لە ڕۆژێکدا دوو یان بۆ سێ گیان لەدەستدانی گوماناویی تۆمار بکرێت.
میدیا عێراقییەكان لەزاری سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە بڵاویانكردەوە، لەماوەی چەند كاتژمێرێكدا لە پارێزگای زیقار دوو حاڵەتی خۆكوشتن تۆماركراوە، یەكەمیان لە شارۆچكەی شەترەی سەر بە زیقار بووە، كە ژنێكی گەنجی ١٨ ساڵ بە پەت كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، دواتر هێزە ئەمنییەكان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە، بەڵام دەربارەی ئەو ڕووداوە نەتوانراوە لێکۆڵینەوەی تەواو بکرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، دووەم ڕووداو، ژنێكی گەنجی ١٩ ساڵە، لە شارەدێی "بەتا" لە ڕۆژئاوای زیقار لە ناو ماڵەكەیدا خۆی سووتاندووە، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پێویست، گیانی لەدەستداوە.