نامەی دایکێکی ئەفغانی بۆ کوڕەکانی

ئەو دایکە ئەفغانییە لە خوێندنی منداڵەکانی دەترسێت، بەتایبەت کچە تاقانەکەی و لە نامەیەکدا دەیهێنێتە زمان.

بەهاران لاهیب

 

تەهمینە مەنگەل یەکێکە لەو ژنە چالاکوانانەی ئەفغانستان کە کاردانەوەی هەبووە بەرامبەر بە هەموو سەرکوتکردنەکانیی تاڵیبان لەسەر ژنان، خاوەنی سێ کوڕ و کچێکە و کاتێک دەرگاکانی زانکۆ داخران، ئەو وەک ملیۆنان دایکی ئەفغانستان لە خوێندنی منداڵەکانی و بەتایبەت کچە تاقانەکەی دەترسێت، لە یەکەم ڕۆژی ساڵی خوێندندا تەهمینە نامەیەکی بۆ کوڕەکانی نووسیوە و لێەوە دەقی نامەکە بڵاودەکەینەوە.

 

تەهمینە دەنووسێت: "ئەمانە کوڕی ژنانی ئەفغانین!

کوڕەکانم پەروەردە دەکەم کە خۆیان و خێزان و گەل و ماڵ و موڵک و خاکی خۆیان خۆشبوێت، من کوڕەکانم فێری هەستی خێرخوازی دەکەم، پێیان دەڵێم هیچ جیاوازییەک لە نێوان تۆ و خوشکەکەتدا نییە، تۆ و خوشکەکەت لەلایەن خوداوە لەدایکبوون و کچ باشترین نیعمەتی خودایە مافیان لێ زەوت نەکەن، کچەکانمان ڕووناکی ماڵ و خاکمانن.

 

بۆئەوەی کوڕەکانم کە پیاوی ئایندەی کۆمەڵگەکەمانن، بتوانن لە بیری پیاوسالاری دەربچن و دەرسی مرۆڤ ناسی بۆ کۆمەڵگە بهێنن.

 

ئەم منداڵانە گەورەی خاکی منن، بژی ئەفغانستان".