"شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان ٨ی ئاداری نوێ کردەوە"

زۆزان بەکر، وتەبێژی هەماهەنگی کۆنگرەی ستاری ناوچەی فورات دەربارەی ڕۆژی جیهانیی ژنان ڕایگەیاند: شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆژی ٨ی ئاداری زیندووتر و مانادارتر کرد و ئەم خەباتەی هێنایەوە بۆ هەموو بوارەکانی ژیان. "

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- لە ٨ی ئاداری ١٨٥٧، ٤٠ هەزار کرێکاری ژن کە لە کارگەیەکی قوماشدا کاریان دەکرد، لە شاری نیویۆرک لە ئەمریکا دەستیان بە مانگرتنێکی ڕێکخراو کرد و داواکارییەکەیان ئەوە بوو کە کاتی دەوام لە ١٦ کاتژمێرەوە بۆ ١٠ کاتژمێر کەم بکرێتەوە و مووچەی یەکسان بۆ کارێکی یەکسان دابین بکرێت، پۆلیس هێرشی کردە سەر ئەو ژنانە بۆ ئەوەی ئەو چالاکییە جەماوەرییە ڕابگرن. پۆلیس بە پاڵپشتی ئیدارەی کارگەکە دەرگاکانی لەسەر هەزاران کرێکاری ئەو کارگەیە داخست. دوای ئەمەش ئاگر لە کارگەکە کەوتەوە، بەهۆی ئەوەی کرێکاران نەیانتوانی ئەو بەربەستانە ببڕن کە لە کاتی ئاگرکەوتنەوەدا لەبەردەم کارگەکەدا دانرابوون، نەیانتوانی خۆیان لە ئاگرەکە ڕزگار بکەن و ١٢٩ کرێکار گیانیان لەدەستدا.

 

ژنان بە پێداگری و داوای یەکسانی ڕۆژێک بۆ تێکۆشان دیاریدەکەن

لە ٨ی ئاداری ١٩٠٨، واتە لە یادی ٥٠ ساڵەی کۆمەڵکوژی نیویۆرکدا، کرێکارانی ژن لە کارگەی قوماشی "پەتۆ" لە نیویۆرک دەستیان بە مانگرتن کرد بۆ باشترکردنی بارودۆخی کارکردن، دوای ٢ ساڵ و لە ٢٦-٢٧ی ئابی ١٩١٠ دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنان لە شاری کۆپنهاگن بەڕێوەچوو. لەم کۆنفرانسەدا یەکێک لە سەرکردەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا، کلارا زێتکین، پۆستی سکرتێری وەرگرت. زێتکین لە ٨ی ئاداری ١٨٥٧دا پێشنیاری کرد کە ڕۆژی ٨ی ئادار، وەک ڕۆژی جیهانیی ژنان یادی ئەو ژنە کرێکارانە بکرێتەوە کە لە کارگەی قوماشدا گیانیان لەدەستدا. پێشنیارەکە بە کۆی دەنگ پەسەند کرا و دوای ئەمەش لە ١٩ی ئاداری ساڵی ١٩١١دا بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئاهەنگێکی بەرفراوان بۆ ڕۆژی ژنان سازکرا.

 

شۆڕشی ١٩ی تەمموز دەستکەوتێکی مێژووییە بۆ ژنان

زۆزان بەکر، وتەبێژی هەماهەنگی کۆنگرەی ستار لە ناوچەی فورات هەڵسەنگاندنی بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوا و ٨ی ئادار کرد و ڕایگەیاند، ١٠ ساڵ بەسەر شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بە پێسەنگایەتی ژنان تێدەپەڕێت، سەرەڕای هەموو هێرش و گوشارەکانی کۆمەڵگە و هۆشیاری پیاوسالاری، ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیان بەردەوامی بە خەباتی خۆیان دەدەن، لەگەڵ تەشەنەسەندنی کۆمەڵگە و داڕمانی سیستم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان، ژنان دەستبەرداری ڕۆحی خەبات و داخوازی ئازادی و ئەو باوەڕە نەبوون کە ڕۆژێک ژن ئازادانە دەژین، ئێمە وەک ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان و بەتایبەت لەگەڵ ژنانی کۆبانێ شانسێکی زۆرمان هەیە کە ئەم ڕۆژەمان بینیوە و دەیژین، لە شوێنێکی بچووکی وەک کۆبانێ خەون و خەیاڵی هەزاران ژن هاتە دی، ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دۆزی ئازادی ژنان دێتەبوون، ئەمڕۆ هەزاران ژن وەستاون و پەیڕەوی لە هێڵی ژنانی یاخیبوو دەکەن، بۆیە ئەم شۆڕشە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئێمە.

 

"بڵاوبوونەوەی هزری ڕێبەر ئاپۆ سەرکەوتنی شۆڕش مسۆگەر دەکات"

پرۆژەی شۆڕشی ڕۆژئاوا و نەتەوەی دیموکراتیک پشت بە ئایدۆلۆژیای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەبەستێت کە سەدان دیدگای بۆ ژنان و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستەڕوو، زۆزان بەکر وتی: بێگومان نابێت ئەو دیدگایەی ڕێبەر ئاپۆ لەبیر بکەین کە بۆ ژنانی کورد و هەموو ژنانی ئازادیخواز پێشکەشی کرد، ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت؛ تا ژن کۆیلە بێت، نابێت باسی ئازادی کۆمەڵگە بکەین، بۆیە ڕێبەر ئاپۆ لە ئاستی یەکەمدا مامەڵەی لەگەڵ ئازادی ژنان کرد و خەباتی زۆری بۆ ئەم پرسە کردووە، ڕێبەر ئاپۆ قوتابخانەی ئازادییە بۆ ئێمەی ژنان، کە هەزاران ژن تێیدا پەروەردە و خۆڕێکخستنیان وەرگرتووە. ئەنجامی کارەکانی ڕێبەر ئاپۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان و بەتایبەتی لە کۆبانێ دەرکەوت، ئەگەر ئەمڕۆ ژنانی جیهان دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرز بکەنەوە بەهۆی ئایدۆلۆژیا و هزری ڕێبەر ئاپۆ و خەباتی ژنانی کوردەوەیە،

 

"شۆڕشی ڕۆژئاوا ڕۆحی ٨ی ئاداری بۆ هەموو بوارەکان گەڕاندەوە"

 

زۆزان بەکر، وتەبێژی هەماهەنگی کۆنگرەی ستار لە ناوچەی فورات لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە شۆڕشی ڕۆژئاوا ڕۆحی ٨ی ئاداری زیندوو کردەوە و وتی: ئەگەر مرۆڤ بەراوردێک لە نێوان مانای ٨ی ئادار پێش شۆڕش و ئەمڕۆدا بکات، دەبینرێت کە لە ڕابردوودا ٨ی ئادار بەشێوەیەکی لاواز پێشوازی لێکرا، ئەمەش بەهۆی سیستمی ڕەگەزگەرایی و پیاوسالاری لە سوریا و لە کۆمەڵگەدا، بەڵام دوای شۆڕش ئەم ڕۆژە بەهۆی بوونی شۆڕشی ژنانەوە زیاتر هۆشیاری لەبارەیەوە هەبوو، شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆحی ٨ی ئاداری زیندوو کردەوە، هەروەک چۆن لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا سەدان هەزار ژن ڕژانە سەر شەقامەکان و باسیان لە مافەکانیان دەکرد، ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پەرەیان بەو خەباتە دا، وایانکرد زیاتر مانادار بێت و تێکۆشانیان بۆ هەموو بوارەکانی ژیان گەڕاندەوە.