وەڵامی ئێمە بۆ لەسێدارەدان بەردەوامی ئاگری شۆڕشە

لە شەشەمین مانگی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا  هێشتا ئازادیخوازان لە شارەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێران خەبات بۆ ئازادی دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە شەشەمین مانگی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕی "ژن، ژیان، ئازادی"دا ناڕەزایەتییە شوانەکانی شۆڕشگێڕان بە شێوازی جیاواز لە دژی ڕژێمی ئێران هێشتا بەردەوامە.

 

شەوی ڕابردوو ئازادیخوازان لە شارەکانی سنە، سەقز، مهاباد، کرماشان، دێهگۆلان، جوانڕۆ، ئیلام، ورمێ، بانە، بۆکان، مەریوان، کامیاران و شارەکانی دیکە، ئازادیخوازان بە داگیرساندنی ئاگر، وتنەوەی دروشم، نیگارکێشانی دیوار، ژەنینی ئاوازی کوردی و گۆرانی، سووتاندنی ئاڵای ئێران و پڕۆپاگەندە و لافیتە حکومییەکان، ڕایانگەیاند کە تا گەیشتن بە ئازادی و تۆڵەسەندنەوەی خوێنی شەهیدان کۆتاییان نایەت.

 

لە سیستان و بەلوچستان، یەزد، میناب، بجنۆرد، تاران، کەرەج، ساری، ڕەشت، مازەندەران، مەشهەد، ئیزە، قوم، کرمان، ئیسفەهان، تەورێز، ئەردەبیل، شیراز، ئەهواز و چەند شارێکی دیکە، خۆپیشاندەران دروشمیان بەرزکردەوە، سووتاندنی لافیتەی پڕوپاگەندەیی و بنکەی بەسیج، دانانی وێنەی کوژراو و لەسێدارەدراوە ناڕازییەکان، دابەشکردنی نامیلکە و داوای ناڕەزایەتی فراوانتر جەختیان لە بەردەوامیی ڕاپەڕین تا ڕووخاندنی ڕژێمی دەسەڵاتدار کردەوە.