کۆنگرەی ستار لەبارەی هێرشەکەی سەر ژنێک لە سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

ڕێکخراوی کۆنگرەی ستار لە دژی هێرشکردنە سەر ژنێکی گەنج لە شاری سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئەو هێرشە سێکسییەی شەرمەزار کرد و داوای لە ڕێکخراوەکانی ژنان کرد کە تێکۆشان بۆ گۆڕینی هۆشیاری ڕەگەزی زیاتر بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە گەڕەکی هوانەی شاری سلێمانی لە کاتی نمایشکردنی ماتۆڕسکیل کۆمەڵێک گەنج هێرشیان کردە سەر ژنێکی گەنج، لە گرتە ڤیدیۆییەکدا کە بڵاوبووەتەوە گەنجێکبە تووندی هێرش دەکاتە سەر ژنە گەنجەکەو ئازاری لاشەی دراوەو لێیانداوە.

 

ڕێکخراوی کۆنگرەی ستاری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەو بارەیەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیشکی خستەسەر تێڕوانینە سێکسییەکانی مێشکی پیاو-دەوڵەت و سیاسەتەکانی شەڕ و توندوتیژی، هەروەها داوای تێکۆشان لە دژی هێرشی سێکسی بۆ سەر ژنان دەکات.

 

ڕاگەیەندراوەکەی کۆنگرەی ستار بەو شێوەیەیە:

"لە کاتێکدا دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەبێتە دروشمی هەموو جیهان، لەلایەن ڕەگەزپەرستی و سەرکوتەوە هێرشی کراوەتەسەر، هەروەها لە کاتێکدا ژنان لەم  سەردەمەدا لە بواری شۆڕشدا لە ڕۆژئاوای کوردستان پێشەنگی شۆڕش دەکەن و شەڕێکی گەورەیان دژی داعش بەرپا کردووە، ئەم جۆرە ڕووداوانە زۆر بەداخن.

 

"لە ساڵی ٢٠٢٢دا سیاسەتی قڕکردن لە دژی ژنان پەیڕەو کرا"

دیسان لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ژنان بەردەوام بوون لە کارەکەیان بۆ خەبات و تێکۆشان و بەو هۆیەشەوە زۆرێک لە پێشەنگەکانی ژنان کرانە ئامانج، بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠٢٢ کە ساڵی سیاسەتی قڕکردنی ژن بوو، ژنان بە هەموو شێوەیەک کرانە ئامانج، دیسان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر لە سێ مانگە ڕاپەڕینەکان بەردەوامە، ئەم ڕاپەڕینانە بۆ تێکشکاندنی هۆشیاری پیاوسالاری و شکست و دەوڵەت و نەتەوە و ئایین و ڕەگەزپەرستی بردەوامن، لەگەڵ ئەوەشدا، ڕۆژانە کردەوەی خراپ بەرامبەر بە ژنان ڕوو دەدات، لە کاتێکدا چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە شاری سلێمانی ڕووداوێک ڕوویدا، کە ٧ پیاو هێرشیان کردەسەر ژنێک و چووە ناو میدیای دیجیتاڵەوە.

 

"پێویستە هێرشبەرە دەستگیرکراوەکان سزا بدرێن"

ئێمە وەک کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار بە توندی ئیدانەی ئەو ڕووداوە دەکەین و دەڵێین پێویستە ئەو هێرشبەرانەی لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە دەستگیرکراون، دادگایی بکرێن، بۆ ئەوەی نموونەیەک بۆ هەموو کەسێک دابنرێت و بە یاسا مافی ژنان بپارێزێت، هەروەها داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان لە باشووری کوردستان دەکەین، کە بۆ ڕۆڵێکی گەورەتر لە گۆڕان و گۆڕینی هۆشیاریی ڕەگەزیدا تێبکۆشن، دیسان دەڵێین کە پرۆسەی ئازادی ژنان دەستیپێکردووە و بەردەوام دەبین لەم ڕێپێوانە مەزنە تا سەرکەوتن و ئازادی هەموو کۆمەڵگە و خەباتمان بە یەکگرتنی ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا بەدی دێت".