لە جیهاندا ١٣٥ ملیۆن ژنی کۆچبەر هەن

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕاپۆرتێک دیاردەی کۆچی لەسەر ئاستی جیهان ئاشکرا کرد. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە جیهاندا ١٣٥ ملیۆن کۆچبەر هەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەریی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕاپۆرتی کۆچی جیهانی ساڵی ٢٠٢٢ی بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە، تا ساڵی ٢٠٢٠ لە جیهاندا ٢٨١ ملیۆن کۆچبەر هەن، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ژمارەی کۆچبەران بە ڕێژەی ٪٣.٥ زیادیکردووە، کە لە ١٣٥ ملیۆن ژن و ١٤٦ ملیۆن پیاو پێکهاتوون، لە ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردووشدا ژمارەی کۆچبەران سێ هێندە زیادی کردووە.

 

لە هەموو جیهاندا زۆربەی خەڵک بە هۆکاری کار و خێزان و خوێندن ڕوو لە کۆچی نێودەوڵەتی دەکەن، بەشێک لەو کەسانە بەهۆی ململانێ و دڕندەیی و کارەساتی سروشتی و بەشێکیشیان بەهۆی ڕووداوە دڵتەزێنە جۆراوجۆرەکانەوە ناچارن ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، زۆرترین ژمارەی کۆچبەران لە ئەوروپا بە ٨٧ ملیۆن و لە ئاسیا بە ٨٦ ملیۆن کەس بووە، ئەم دوو ناوچەیە میوانداری ٪٦١ی کۆچبەرانی جیهان دەکەن. ئەم ناوچەیە ئەمریکای باکوور و ئەفریقاش دەگرێتەوە، لە لایەکی دیکەوە ئەمریکای لاتین و ناوچەی کاریبی ئەو ناوچەیەیە کە زۆرترین ژمارەی کۆچبەری نێودەوڵەتی تێدایە.

 

لە ٪٧٠ی ژنانی کرێکاری کۆچبەر هەن

تا ساڵی ٢٠١٩ نزیکەی ١٦٩ ملیۆن کرێکاری کۆچبەر لە جیهاندا هەبوون، ژمارەی کرێکارە کۆچبەرە پیاوەکان کە لە ساڵی ٢٠١٩دا ٩٨ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار کرێکار بووە، کۆچبەرانی ژنی تێپەڕاندووە کە ٧٠.١ ملیۆن کەسە، ٪٦٧ی کرێکارانی کۆچبەر (١١٣.٩ ملیۆن کەس) لە وڵاتانی داهات بەرز دەژین، ٤٩ ملیۆن کرێکاری کۆچبەر (٪٢٩) لە وڵاتانی داهاتی مامناوەند دەژین و ٦.١ ملیۆن کرێکار (٪٣.٦) لە وڵاتانی کەم داهات دەژین .

 

ژمارەی پەنابەران لە ئاستێکی پێوانەییدایە

لە جیهاندا لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ەوە ٨٩ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس ئاوارە بوون، لەوانەش ٢٦.٤ ملیۆن پەنابەرە، ٤.١ ملیۆن پەناخواز، ٣.٩ ملیۆن ئاوارە لە ڤەنزوێلا و ٥٥ ملیۆن ئاوارە ناوخۆیین،  زۆربەی ئەو کەسانەی بەهۆی ململانێ و توندوتیژی ئاوارە بوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای ژێر سەحرا دەژین. هەرچەندە ڕێژەی گەشەی ساڵانەی دانیشتوانی پەنابەران لە ساڵی ٢٠١٢ەوە خاو بووەتەوە، بەڵام ژمارەی پەنابەران لە ئاستێکی پێوانەییدایە.

 

ئەوانەی لە سوریاوە کۆچیان کردووە

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ژمارەی ئەو پەنابەرانەی بەهۆی شەڕی ناوخۆوە لە سوریا ئاوارە بوون، گەیشتووەتە شەش ملیۆن و ٧٠٠ هەزار پەنابەر، ئەمەش بە واتای زیادبوونی ١٠٠ هەزار کەسە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو. لە لایەکی دیکەوە، لە ساڵی ٢٠٢٠دا تورکیا بۆ ماوەی پێنج جار لەسەریەک بووە وڵاتێک کە زۆرترین پەنابەر لە جیهاندا ڕووی تێکردووە و زیاتر لە ٣.٦ ملیۆن پەنابەری تێدایە، کە زۆربەیان خەڵکی سوریان.