لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرتن و ئازادکردنی خۆپیشاندەرانبەردەوامی هەیە

 لە درێژەی شۆڕشی گەلانی ئێران لە دژی ڕژێم، ژمارەی زیندانیان لە خوێندکار و چالاکوان و هاوڵاتیانی ناڕازی لە شارە جیاجیاکانی ئێران زیادیکردووە، هەندێک لە دەستگیرکراوەکانیش بە کەفالەت ئازادکراون.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپەڕینی گەلی کورد و گەلانی ئێران لە ١٦ی ئەیلولی ئەمساڵەوە بەردەوامی هەیە، شەپۆلی دەستگیرکردنی قوتابیان و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی و هاوڵاتیانی ناڕازی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی درۆی بێ بنەما بەردەوامە، ژمارەیەک هاوڵاتی کە لە کاتی ڕاپەڕینی سەرتاسەریدا دەستگیرکرابوون، بە کەفالەت ئازاد کران و بەشێک لەو هاوڵاتیانەش لەلایەن دادگاکانەوە سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندرا.

 

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٨ تشرینی دووەم، میدیاکانی سەر بە ڕژێمی ئێران بانگەشەی ئەوەیان کرد کە هێزە ئەمنییەکان کەسێکیان دەستگیر کردووە کە "سەرۆکی کەناڵی تەلەفزیۆنی ئێرانی نێودەوڵەتی" بووە لە شاری خوی، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناسنامەی ئەو کەسە بکرێت.

 

ڕۆژی یەکشەممە، ئومێد شیرمحەمەدی خەڵکی دیواندەرە، ئارەزوو پوورسەمەدی تەمەن ٢٧ ساڵ و ئازاد پوورسەمەدی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی شاری سنە، یونس ئەسڵمەرز خەڵکی دەرەشەهری ئیلام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران.

 

لە هەمانکاتدا هەنگامە غازیانی، ئەکتەری ناسراوی فیلم و تەلەفزیۆنی کە بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕی باڵاپۆشیەکی لابرد، ڕەئوفە میرباقری، چالاکوانی مافی ژنان، کە کۆتای مانگی پێشوو دەستبەسەر کرابوو، ئازاد کرا.

 

وریا غەفووری خەڵکی سنە، یاریزانی پێشووی تیپی ئیستقلالی تاران و یاریزانی ئێستای خوزستان، مەجید موسافیر، خوێندکاری یاسا، خەیروڵڵا حەقجۆیان، ئەندامی ئەنجومەنی ڕاوێژکاری چالاکانی مەدەنی یارسان، مەحمود شەهریاری، پەخشکەر و پێشینەی پەخشان، ئەمین سالاری، خوێندکاری فەلسەفە، بە دانانی کەفالەت تا کۆتایی دانیشتنەکە، ئازاد کران.

 

ڕۆژی یەکشەممە، ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران حوکمی پێنج لەو دەستبەسەرکراوانەی ڕاگەیاند کە سارینا قەرەبات، فەیزە جەوادی، شیوا کیانفەر، پارسا دەستماڵچی و سۆنیا سۆتودە لەلایەن لقی سێی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم"، هاوکاری بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی" بە کۆی گشتی ٢١ ساڵ زیندان و بینامین موغدیسی، خوێندکاری ئەندازیاری پیشەسازی لە زانکۆی تاران، بە ٥ ساڵ زیندان سزادرا.

 

ڕۆژی شەممە، عەلیرەزا سالارزاهی تەمەن ١٨ ساڵ و فەرزاد نارۆی تەمەن ١٩ ساڵ خەڵکی زاهیدان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە، هاوکات لەگەڵ دەستگیرکردنی ئەو هاوڵاتیانە، هۆرا بەدیهی، خوێندکاری ئەندازیاری میکانیک، بە کەفالەتێکی کاتی ئازاد کرا تا کۆتایی ڕێکارەکان.

 

ڕۆژی هەینی ڕابردوو، شایان ئیندوزی خەڵکی پاوە، سامی ئاسێریس، خوێندکاری پزیشکی زانکۆی ورمێ و خەڵکی شاری شنۆ و ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، بیژەن ڕۆستەمی، چالاکوانی کرێکارانی خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

 

هاوکات لەگەڵ دەستگیرکردن و ئازادکردنی ئەو هاوڵاتیانە، بەهروز مەرڤۆتی بەڕێوەبەری کەمپەینی کەمئەندامان و هیجیر محەمەدخانی خوێندکاری تەلارسازی لە زانکۆی هەمەدان لە دیواندەرەوە بانگهێشتی دادگای ئینقلاب کران.