ژنانی مەغریب بە بڕینی قژیان هاوسۆزی لەگەڵ ژنانی ئێران دەردەبڕن
بۆ دەربڕینی هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ ژنانی ئێران، ژنانی مەغریب هەڵمەتێکی هاوسۆزییان بۆ مافە یەکسانەکان و بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دژی ژنان دەستپێکرد.
مەغریب
دوای ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە بە کوشتنی ژینا ئەمینی، دەستیپێکرد، هەڵمەتی قژ بڕین وەک پشتیوانی بۆ ژنانی ئێران و دژ وەستانەوەی سیاسەتی سەرکوتکاری ڕژێمی ئێران لە ئێران و جیهاندا دەستیپێکرد، ژنانی مەغریبیش بۆ پشتیوانی لە ژنانی ئێران هەڵمەتێکی هاوسۆزییان دەستپێکرد.
٢٣ ژنی مەغریبی، لە هونەرمەندان، نووسەر، بەرهەمهێنەری فیلم، ئەکتەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی، چالاکوانی سیاسی و ڕۆژنامەنووس، لە ڤیدیۆکلیپێکدا وەک هاوسۆزی بەشێک لە قژیان بڕی و ئاماژەیان بەوەدا کە پشتیوانی لەو بزووتنەوەیە ناڕەزاییانەی کە زۆرێک لە وڵاتانی بەدەوریدا کۆکردووەتەوە، دەکەن.
ئەم هەڵمەتە هاوکات بوو لەگەڵ گیان لەدەستدانی ژنێکی گەنجی مەغریبی بە ناوی مەریەم، بەهۆی ئەنجامدانی لەباربردنی نهێنی لە ماڵی دەستدرێژیکارەکەیدا لە ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمدا و ڕۆژی نیشتمانی ژنانی مەغریبیشە، بۆیە ژنانی مەغریب دروشمی " قژمان دەبڕین بۆ مافەکانی نیوەی کۆمەڵگە"یان بەرزکردەوە و هەڵمەتەکەیان دەستپێکرد.
لە گرتە ڤیدیۆییەکدا بە ناونیشانی "بۆ مەهسا ئەمینی و مریەم و هەموو ئەوانی تر" ژنانی مەغریب بەشێکی قژیان بە ڕیتمی گۆرانی فارسی "بێلا چاۆ" بڕیوە، کە وشەکانی گوزارشت لە دژایەتیکردنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان دەکات.
کۆمەڵێک لە ژنان بە گۆڕینی وێنەی پڕۆفایلی ئەکاونتەکانیان لە سۆشیال میدیا و گۆڕینی بە وێنەیەکی ڕەش و بڵاوکردنەوەی هاشتاگی "مافەکانمان"، بەشداریان لە کەمپەینەکەدا کرد، بەشێکی دیکەشیان ڤیدیۆی قژبڕینی خۆیان بڵاوکردەوە.