یونسێف: هێرشکردنە سەر منداڵان و قوتابخانەکانیان جێگەی قبووڵکردن نییە

اژانسی منداڵپارێزی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان-یونسێف ئیدانەی ئەو هێرشەکانی ئێران دەکات کە دوێنێ کرایە سەر قوتابخانەیەکی منداڵان لە کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ناڕەزایەتییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە هۆی کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ڕەوشت لە شاری تاران دەستیپێکرد، ڕژێمی ئێران شکستی خۆی لە سەرکوتی شۆڕشی ئێران بەسەر هەرێمی کوردستاندا دەڕژێت و دوێنێ، ٢٨ی ئەیلول، سوپای ئێران بۆردومانی کۆیە، زڕگوێز و پردێی لە هەرێمی کوردستان کرد و بەهۆیەوە زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە، بەپێی ئامارەکان تا ئێستا ١٧ کەس گیانیان لەدەستداوە لەناویدا ژنێکی دووگیان هەبوو، ٤٦ بریندار هەیە و تەندروستیی ١٠ لە بریندارەکان ناجێگیرە.

 

ئەو هێرشانە کاردانەوەی خەڵک و لایەنە ناوخۆی و دەرەکییەکانی لێکەوتەوە و ڕێکخراوی یونسێف لە بەرامبەر کردنە ئامانجی قوتابخانە و خوێندکاران و منداڵان رایگەیاندووە، بەگوێرەی راپۆرتە سەرەتاییەکان، لایەنی کەم دوو منداڵ برینداربوون و ژنێکی دووگیان گیانی لەدەستداوە، پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی خێزان و هاوڕێیانی ئەو کەسانە دەکەین کە لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستداوە و هیواخوازین منداڵە برینداربووەکان بە خێرایی و بەتەواوەتی چاک ببنەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە کە هێرشکردنە سەر منداڵان و قوتابخانەکانیان جێی قبوڵکردن نین و دەکرێت پێشێلکردنێکی مەترسیداری مافەکانی منداڵان بن، قوتابخانەکان دەبێت هەمیشە شوێنێکی پارێزراو بن بۆ هەموو منداڵێک، کە لەوێ منداڵان بتوانن فێر ببن و یاری بکەن و گەورە ببن.

 

یونسێف جەخت لە داواکانی دەکاتەوە لە سەرجەم لایەنەکان بۆ پاراستنی منداڵان لە سەرجەم شێوازەکانی توندوتیژی لە هەموو کاتێک و لە ژێر هەر بارودۆخێکدا، هەروەها داوا دەکات رێز لە بەیاننامەکانی پارێزراوی قوتابخانەکان بگیردرێت.