ژنانی باشووری کوردستان سەردانی دەبەپەیان کرد

ئەو ژنانەی لە باشووری کوردستانەوە بەشداری کۆنفرانسی تەژەئە بوون سەردانی دەبەپەیان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنانی ئەندامانی یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان، حیزبی زەحمەتکێشان و بزووتنەوەی گۆڕان کە لە باشووری کوردستانەوە بەشداری چوارەمین کۆنفرانسی تەڤگەری ژنانی ئازاد-تەژەئە بوون، سەردانی مەکتەبی ڕاوێژکاری پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان-دەبەپەیان کرد لە ئامەد.

 

شاندەکە بە ڕێنوێنی فەلەکناس ئوجا، پەرلەمانتاری هەدەپە لە ئیلح، لەلایەن ساڵحە ئایدەنیز، هاوسەرۆکی دەبەپە و ئاینور ساریکا وتەبێژی ژنان و ئاسیا کۆلچاک هاوسەرۆکی وتەبێژی دیپلۆماسی پێشوازییان لێکرا.

 

بانگەواز بۆ یەکڕیزی نەتەوەیی

ساڵحه ئایدەنیز پێشوازی لە شاندەکە کرد و ئاماژەی بەوەدا کە یەکڕیزی نەتەوەیی و یەکڕیزی کوردستان هەمووان کۆدەکاتەوە ، هەروەها باسی لە گرنگی پێکەوەبوون لە هەموو بارودۆخێکدا کرد و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بۆ ئێمە هەر چوار پارچەی کوردستان یەکن. پێویستە هەموو ژنان وەک یەک پارچە سەیری کوردستان بکەن وبیرۆکەی ژنان بڵاوبکرێنەوە. پێویستە پێکەوە یەکێتی کوردستان بەهێز بکەین. هەر یەکێک لە ئێمە کارەکانی حزبێک بەڕێوەدەبەین، بەڵام گرنگ ئەوەیە بە یەکڕیزی بگەین.

 

"دەستپێشخەری بکەن"

ساڵحە ئایدەنیز ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە ژنان بۆ یەکڕیزی نەتەوەیی دەستپێشخەری بکەن و وتی: لە باشووری کوردستان شەڕێک لە ئارادایە. پێویستە دەنگێکی بەهێزتر لە دژی ئەمە هەبێت. بۆ ئەوەی ئەم شەڕە بوەستێنرێت، پێویستە ئێمە وەک ژنان زیاتر بەشداری هەوڵەکان بین بۆ بەدیهێنانی یەکڕیزی کورد، ئه‌مڕۆ هه‌ڵوێستی یەکێتی نه‌ته‌وه‌یی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پارتی قبووڵ ناكرێت. لە باشوور و ڕۆژئاوا و باکوور نرخێکی گەورە درا کە ئەگەر پشتگیری لێنەکرێت پیویستە ڕەخنە بکرێت.