هەرێمی کوردستان گەندەڵی لە هاوردەکردنی بەرهەمەکان دەکات

بەپێی ڕاپۆرتێکی دەستەی دەستپاکی عێراق هەرێمی کوردستان گەندەڵی لە هاوردەکردنی بەرهەمەکان دەکات و بەناوی بەرهەمی خۆماڵییەوە تۆماریان دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان تا دێت بەرەوپاش دەچێت، جوتیاران باس لەوەدەکەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکارییان ناکات بە پێدانی دەرمان و تۆو و بودجەی ئاوەدێری و کەرەستەکانی دیکەی کشتوکاڵی، لەکاتی پێگەشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیشدا بەتایبەت وەرزی هاوین و پایزدا، بەرهەمی جوتیاران لەلایەن حکومەتەوە ناکڕدرێت، بەهۆی بوونی بەرهەمی کشتوکاڵی هاوردە لە هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیاوە کە نرخەکانیان هەرزانترە لە بەروبوومی خۆمانی.

 

ساڵانە جوتیاران بڕێکی زۆری بەرهەمە پێگەشتووەکانیان بەهۆی نەخۆشی و مێرووەوە لەناودەچن، یاخود نافرۆشرێن و فڕێدەدرێن، چونکە بازاڕ پڕە لە بەرهەمی هاوردەی نرخ هەرزان و بێ کوالێتی، کە جگە لە زیانە ئابورییەکەی لە جوتیاران دەدرێت، زیانی تەندروستیش بە کۆمەڵگە دەگەیەنێت.

 

ئەمڕۆ دەستەی دەستپاكیی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق دەسەڵاتی بەسەر ئەو بەروبوومانەدا نییە كە لە هەرێمی كوردستانەوە هاوردە دەكرێن، بڕی بەروبوومی هاوردەكراو چەندین هێندەی بەرهەمی خۆماڵییە و زیان بە بەرهەمی ناوخۆ دەگەیەنێت.

 

فەرمانگەی خۆپارێزی سەر بە دەستەی دەستپاکی، ڕاپۆرتێکی ئامادەکراوی بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ ناردووە کە باس لە کۆنترۆڵکردنی هاوردەکردن و هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی دەکات تا ڕێگە لە گەندەڵی و زیاد هاوردەکردنی بەرهەمەی دەرەکی بکرێت بۆ ناوخۆ کە زیان بە بەرهەمی ناوخۆ دەگەیەنێت.

 

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، "وەزارەتی کشتوکاڵ توانای کۆنترۆڵکردنی ئەو بەرهەمانەی نییە لە ڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە دێنە ناوەوە، سەرەڕای پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ هەژمارکردنی توانای بەرهەمهێنانی كارگە و كێڵگەكانی پەلەوەر لە هەرێم، كە بەو ئەنجامە گەیشتووە كە بڕی ئەو كەرەستانەی لەڕێگەی هەرێمەوە هەناردە دەکرێت زیاترە لە توانای بەرهەمهێنانی دامەزراوەکانی، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بوونی گەندەڵی لەکاتی هەناردەکردندا و دانانی بە بەرهەمی ناوخۆیی.