چەمچەماڵ، تۆمەتبارێکی هەڕەشەکردن لە ژنان دەستگیرکرا

بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژى ژنان و خێزان لە سلێمانى بڵاویکردەوە کە تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە، بە وێنە و ڤیدیۆ هەڕەشەی لە ژنان کردووە تا ڕازیبن بە داواکارییەکانی.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژى ژنان و خێزان نوسینگەی چەمچەماڵ تۆمەتبارێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان دەستگیرکرد کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی لە ژنان کردووە تا بە داواکارییەکانی ڕازی ببن

 

پەیجی فەرمی نوسینگەی سلێمانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بڵاویکردووەتەوە کە دوێنێ، ١٨ی حوزەیران، نوسینگەی چەمچەماڵی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان/سلێمانی تۆمەتبارێکی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیان دەستگیر کرد بە ناوی "ئ .ع .خ" کە تەمەنی ٢١ ساڵە و دانیشتووی چەمچەماڵە و دەست بەسەر مۆبایلەکەشیدا گیراوە، تۆمەتبار لەناو مۆبایلەکەیدا ژمارەیەکی  زۆر وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوی تێدابووە، کە هەڕەشەی لە ژنان پێکردووە تا ڕازی ببن بە داواکارییەکانی.

 

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەوەشی خستەوەتەڕوو، لە ئێستادا تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یەکێکە لە سەرچاوە هەرە سەرەکییەکانی کێشە خێزانیەکان.

 

هۆکاری پاڵنەری کوشتن و خۆکوشتنی ژنان زۆرن، یەکێک لە هۆکارەکان ئەو هەڕەشانەیە کە لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ دەکرێتە سەر ژنان، ١٩ی نیسانی ٢٠٢٢ ژنێکی گەنج بە ناوی "ئاریان محەمەد" لە شاری هەولێر، خوێندکاری پەیمانگای پۆلەتەکنیک لە بەشی کتیبخانە و زانیاریی، ونبوو، خێزانەکەی داوای یاسییان تۆمارکرد، لە ٢١ی نیساندا تەرمەکەی دۆزرایەوە کە لە بینایەکی تەواونەکراودا لەسەر ڕێگای کەرکوک، خۆی هەڵدابووە خوارەوە، لە ١٣ی ئایاری ئەمساڵ لە شاری هەولێر تۆمەتبارەکە دەستگیرکرا و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە کە بەردەوام هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی لێکردووە.