ڕاپۆرتێک: لە مانگی ئایاردا  ٣٢ ژن لە تورکیا کوژراون

کوشتنی ژنان بەم دواییانە لە تورکیا و باکووری کوردستان زیادی کردووە و زیاتر لە ٣٢  ژن تەنها لە مانگی ئایاردا لەلایەن پیاوانەوە کوژراون.

ناوەندی هەواڵ

 

سایتی هەواڵی بەیانیت لە ڕاپۆرتی مانگانەیدا کە ڕۆژی هەینی ٣ی حوزەیران بڵاویکردووەتەوە، لە مانگی ئایاردا زیاتر لە ٣٢ ژن لەلایەن پیاوانەوە لە تورکیا کوژراون.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە لە مانگی ئایاردا پیاوان زیاتر لە ٣٢ ژنیان کوشتووە و توندوتیژیان بەرامبەر ٦٤ کردووە و زیاتر لە ١١ ژنیان بێزار و هەراسانکردووە و دەستدرێژیان کردووەتە سەر ٤ ژن، ڕاپۆرتەکە کە بە کۆکردنەوەی داتا لە ڕۆژنامە خۆجێیەکان و سایتەکانی هەواڵ و ئاژانسەکانی هەواڵەوە ئامادەکراوە، دەرکەوتووە کە لە ٦٢٪ی ژنان لەناو ماڵەکانی خۆیاندا کوژراون و ٣٨٪ی دیکەش لە دەرەوە کوژراون، سەرەڕای ئەوەی کە پێنج ژن وەرگرتنی بڕیاری پاراستنیان بۆکراوە.

 

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە ٢١ ژن لەلایەن هاوژینەکانیان یان هاوژینە پێشووەکانیان یان هاوڕێکانیانەوە کوژراون، دوو ژن لەلایەن کەسوکارەکانیانەوە کوژران، هاوکات لە حەوت کوشتندا دیار نەبووە کە بکوژەکان چ پەیوەندییەکی خزمایەتیان بەو ژنانەوە هەبووە.

 

بەپێی شوێنی تاوانەکە، ئەو پیاوانە ٢٠ ژنیان لەناو ماڵەکانی خۆیاندا کوشتووە و ١٢ ژنیش لە شوێنەکانی دەرەوەی ماڵ وەک دارستان و شەقام و نەخۆشخانە کوژراون.