تەرمی ژنێکی گەنج گەیەندرایە نەخۆشخانە؛ شوێنەواری فیشەکی پێوە بووە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین ڕایگەیاند پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ژنێکی گەنجی ٢٠ ساڵان تەرمی ژنێک گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی قەڵادزێ و شوێنەواری فیشەک بە سەرییەوە بووە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین، ڕایگەیاند، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ٧ی نیسان، کاتژمێر ١١:٠٠، تەرمی ژنێکی گەنج بە ناوی ک. ح. ح. لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٢ و لە پیشەی کچی ماڵ، دانیشتووی گوندی گردەسیپان لە قەڵادزێ گەیەندرایە نەخۆشخانە.

 

بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی ڕاپەرین، "دوای پشکنین و توێکاری بۆ لاشەی ژنە گەنجەکە، دەرکەوت شوێنەواری فیشەکێکی دەمانچە بەسەریەوە هەیە، بە وتەی کەسوکارەکەشی "کچەکەیان بۆخۆی خۆی کوشتووە"'، بەڵام ڕاستی بابەتەکە دەرنەکەوتووە.

 

دوایی گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بەمەبەستی هۆکاری ڕاستەقینەی مردنەکەی، تەرمەکە ڕەوانەی پەیمانگای پزیشکی دادی سلێمانی، دۆسیەی لێکۆڵینەوەش بۆ ڕووداوەکە ڕێکخراوە.

 

"تەنها مانگی ئاداری ئەمساڵ ٨ ژن کوژراون"

کوشتن و خۆکوشتنی ژنان تا دێت ڕێژەکەی لە بەرز بوونەوەدایە، تەنها لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا ٨ ژن لە باشوری کوردستان کوژراون یاخود ناچار بە خۆکوشتن کراون، هەموو کوشتنەکانی ژنانیش بە ناوی کێشەی کۆمەڵایەتی و شەرەفەوە بێدەنگەی لێدەکرێت و کەمترین کەیسی کوشتنی ژنان هەیە کە لە دادگاکاندا سزای تاوانبار بدرێت.

 

ت.پ