مافی مرۆڤی ئێران کوشتنی سارینا ئیسماعیل زادەی تەمەن ١٦ ساڵی پشت راست کردەوە

مافی مرۆڤی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە سارینا ئیسماعیل زادە، خۆپیشاندەری تەمەن ١٦ ساڵ لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی ئێرانەوە کوژراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

سارینا ئیسماعیل زادە،  ژنێکی گەنجی تەمەن ١٦ ساڵ، لە ساڵی ٢٠٠٦ لە دایکبووە، لەگەڵ دایک و برا گەورەکەی ژیاوە، لە منداڵیدا باوکی لەدەستداوە، خەڵکی مێهرشاری شاری کەرەجە، لە خۆپیشاندانەکانی ٢٢ی ئەیلول بەهۆی لێدانی چەندین چەقۆ لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە کوژرا، دەسەڵاتداران ئەو بەناو دانپیانانەیان بڵاوکردەوە، کە گوایە ئەندامانی خێزانەکەی و هۆکاری مردنی ئەویان بە خۆکوشتن ڕاگەیاندووە.

 

دوای پێداچوونەوە بە بەڵگەکان و قسەکردن لەگەڵ شایەتحاڵان و سەرچاوە نزیکەکەن، مافی مرۆڤی ئیران کوشتنی سارینا پشتڕاست دەکاتەوە، هەروەها بە توندی ئیدانەی ئەو فشارانە دەکات کە لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە لەسەر بنەماڵەکەی کراوە، بۆ ناچارکردنیان بۆ دووبارەکردنەوەی گێڕانەوەی درۆی خۆکوژی سارینا، ڕێکخراوەکە داوای لێپێچینەوەی یاسایی نێودەوڵەتی و سزادانی بەڕێوەبەرانی ڕژێمی ئێران دەکات.

 

بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست مافی مرۆڤی ئێران کەوتووە، دوای ئەوەی لە نیوەڕۆی٢٢ی ئەیلولدا سارینا پۆلی زمانی ئینگلیزییەکەی کۆتایی هات، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی چوون بۆ بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە نزیک قوتابخانەکەی، لە ناڕەزایەتییەکاندا هێزە ئەمنیەکان چەندین جار بە چەقۆ لە سەری سارینایان داوە تا ئەو کاتەی بە توندی خوێن لەسەری چووە.

 

بە پێی سەرچاوەیەک سارینا مەحاڵ بوو بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە، بۆیە خەڵک بردیانە ماڵێکی نزیک بۆ چارەسەرکردنی برینەکانی، بەڵام پێشتر سارینا گیانی لەدەست دابوو .

سەرچاوەکە ئامژەی بەوەشکرد کە خێزانی سارینا نەیانزانیووە سارینا چی بەسەرهاتووە، تا کاتژمێر ١٠:٣٠ی شەو هاوڕێکانی کە لە خۆپیشاندانەکەدا لەگەڵیدا بوون پەیوەندیان بە خێزانەکەیەوە کرد و  ئاگاداریان کردەوە کە سارینا لە ژێر دەستی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەستداوە.

 

بە وتەی سەرچاوەکە، کاتێک خێزانی سارینا گەیشتونەتە شوێنی خۆپیشاندانەکە، خەڵک پێیان ڕاگەیاندوون کە تەرمی سارینا لە ڕێگەی ئامبولانسەوە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام گەڕانی خێزانەکەی لە نەخۆشخانە و مۆرگەکان بێ ئەنجام بوو، هیچ کام لە لایەنە پەیوەندیدارەکان وەڵامێکی ڕوونیان نەدایەوە سەبارەت بەوەی تەرمی سارینا لە کوێیە.