کوژرانی کۆڵبەرەکان لە لایەن پاسدارانی ڕژێمی ئێرانەوە زیادیکردووە

 سوپای پاسدارانی سەر بە ڕژێمی ئێران بۆ سەرکوتکردن و ترساندنی زیاتری کورد زیاتر هێرش دەکاتە سەر کۆڵبەران بەبەراورد بە ڕابردوو.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی نەبوونی کار و سەختی گوزەرانی هاوڵاتیانەوە خەڵکی ناچار دەبن لە دۆخکی سەختدا کاری کۆڵبەری بکەن و هەوڵی پەیداکردنی بژێوی ژیانیان بدەن بەڵام ڕژێمی ئێران وەک هەموو جارێک هێرش دەکاتە سەر کۆڵبەران و ڕاستەوخۆ تەقەیان لێ دەکات، بە پێی پێگەی "کۆڵبەر نیوز" کە بڵاوی کردۆتەوە، لە ماوەی یەک مانگدا ٩ کۆڵبەر  کوژراون لە نێوان سنوری هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵات، بە تەقەی پاسدارانی ڕژێمی ئێران.

 

بە پێی زانیارییەکانی ئەو پێگەیە چوار کۆڵبەریان لە نێوان سنوری بانە و هەررێمی کوردستان بوون، پێنج کۆڵبەریشیان لە نێوان سنورەکانی مەریوان، سەردەشت، پیرانشار و کرماشان لە لایەن پاسدارانی ڕژێمی ئێرانەوە کوژراون، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەیان بەوەکرد، کە ڕژێمی ئێران لە چوارچێوەوی سەرکوتکردن و ترساندنی کورد زۆر زیاتر لە ڕابردوو هێرش دەکاتە سەر کۆڵبەران و ڕاستەوخۆ تەقەیان لێدەکات.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرچاوەکانی هەواڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕابردوودا بڵاویان کردەوە، کە دەسەڵاتی ڕژێمی ئێران بۆ کۆنترۆڵ کردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان، هێزەکانی سەر سنووری ڕەوانەی ناو شار کردوە، بۆیە ئەمەش وای کردوە کە ‌هێزەکانی سەر سنوور زیاتر لە جاران چەک بەرامبەر کۆڵبەران بەکار بهێنن.