"تورکیا بۆ ئەوەی ئازادی لە کورد زەوت بکات ژنانی پێشەنگ دەکاتە ئامانج"
کۆمەڵکوژیەکان بۆسەر ئازدیخوازانی گەلی کورد بەردەوامە و ئازادیخوازان دەڵێن، وڵاتانی ئەوروپا شوێنێکی پارێزراو نیە بۆ کورد.
سلێمانی
ئەمڕۆ مەراسیمی ماڵئاوای کردن لە تەرمی شەهید ئامینە کارا لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، ژنان و ئازادیخوازان، چالاکوانان و خەڵکی شاری سلێمانی بە دروشمی " ژن، ژیان، ئازادی" تەرمی شەهید ئامینەیان بەرەو قەندیل بەڕێکرد.
شەهید ئامینە کارا ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە یەکێک بوو لەو سێ کەسەی کە لە کۆمەڵکوژیەکەی پاریس لە ٢٣ی کانوونی یەکەم شەهید کرا، کە دووەم کۆمەڵکوژی بوو بەرامبەر بە گەلی کورد بکرێت لە فەڕەنسا و تیایدا ئازادیخوازان شەهید کران.
کەسوکاری شەهید ئامینە کارا و چالاکوانان لە مەراسیمەکەدا ئیدانەی ئەو کۆمەڵکوژیەیان کرد و باسیان لە خەباتی چەند ساڵەی شەهید ئامینەیان کرد.
"شەهید ئامینە لە پێناو خەباتەکەیدا شەهید بوو"
زەینەب حاجی، خوشکی ئامینە کارا سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە بەشداربوون لە مەراسیمی بەڕێکردنی شەهید ئامینەدا و ئاماژەی بەوەکرد، " ئیدانەی فەڕەنسا دەکەین لەسەر ئەو هێرش و کۆمەڵکوژیانەی بەرامبەر بە کورد دەیکات، شەهید ئامینە تەنها خوشکی من نەبوو بەڵکو خوشکی هەموو کوردێکی وڵات پارێز بوو، ئامینە خەباتی بەڕاستی و دروستی دەکرد و تێکۆشانی دەکرد لە پێناو کوردا لە هەر چوارپارچەی کوردستان."
شەهید ئامینە ژنێکی ڕوخۆش بوو، لە ١٣ساڵەوە خەبات دەکرد لە پێناو کورد و ئازادی ژناندا، دەوڵەتی تورکیا بە دوای ژنی پێشەنگا دەگڕێت بۆ ئەوەی بیانکاتە ئامانج، شەهید ئامینەش هەر وەکو شەهید ساکینە و هاوڕێکانی شەهید کرا، چونکە خەباتیان دەکرد بۆ ئازادی.
"تورکیا دەستی گەشتوەتە وڵاتانی تر بۆ تیرۆرکردنی ئازادیخوازان"
سارا ڕەزا، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەو هێرش و کۆمەڵکوژیانەی کە دەکرێنە سەر گەلی کورد تەنها بۆ گەلی کورد نیە بەڵکو بۆسەر تەواوی مرۆڤایەتی و ئازادیخوازانە، " وڵاتانی دەرەوە بانگەشە بۆ دیموکراسی دەکەن، بەڵام شوێنێکی پارێزراو نیە بۆ کورد، تورکیا هەر بەوە نەوەستاوە کە لە چوار پارچەی کوردستان ئازادیخوازان شەهید بکات بەڵکو پەنای بردوەتە وڵاتانی دەرەوە."
ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر خەباتی ئامینە کارا و هاوڕێکانی نەبوایە ئێستا داعش گەشتبووە ئەوروپاش، "دەبێت ئەوە ئاشکرا بکرێت کە ئەو هێرش و کۆمەڵکوژیانەی دەکرێنە سەر کورد چی ئامانجیکیان هەیە، وە پێویستە گەلی کورد خاوەنداری بکات لە کۆمەڵکوژی پاریس، ئەو دەوڵەتانەی کە کۆمەڵکوژی و تیرۆری تیا دەکرێت دەبێت بەرپرسیار بن بەرامبەر بە ئازادیخوازان."