٥٩٠ ڕۆژە ئێشکگری دادپەروەری بەردەوامە
بنەماڵەی شەنیاشار ماوەی ٥٩٠ ڕۆژە چالاکی دادوەرییان ئەنجامداوە و دەیانەوێت دەسەڵاتداران دەنگیان ببیستن.
ڕەحا
ئێشکگری دادپەروەری ئامینە شەنیاشار، کە هاوژینەکەی و دوو کوڕەکەی لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا لەلایەن پاسەوانان و کەسوکاری ئیبراهیم خەلیل یەڵدزی پەرلەمانتاری ئاکەپەوە لە ناوچەی پرسوسی ڕەحا کۆمەڵکوژکران، لە بەردەم دادگای ڕەحا لەگەڵ فەرید شەنیاشاری کوڕی لە ڕۆژی ٥٩٠یەمیندا بەردەوامە.
بنەماڵەی شەنیاشار بەیانی ئەمڕۆ چوون بۆ دادگای ڕەحا و پانکارتیان بە نووسراوی "دادپەروەری بۆ بنەماڵەی شەنیاشار" لەسەر دیوارە کۆنکرێتییەکان هەڵواسی و دەستیان بە ئێشکگری کرد.
"تێکۆشانی دایکان لەبیرناکرێت"
بنەماڵەکە لەسەر هەژماری خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وتیان: "مێژوو ویژدانی گەردوونە، فراوانترین بێ یاسایی لە مێژوودا لە #Rihayê ڕوو دەدات، عەقڵیەتێکی زاڵ هەیە کە چەوساندنەوەی ئێمەیە، خەباتی دایک بووە بەبابەتی بەڵگەفیلمی نێودەوڵەتی، دوای چەندین سەدە خەباتی دایکان لەبیرناچێت".