سەرجەم خوێندنگاکان لە پارێزگای سنە داخران

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامی هەیە و  سەرجەم خوێندنگەکان لە پارێزگای سنە داخران. 

ناوەندی هەواڵ

 

بەیانی ئەمڕۆ میدیاکان بڵاویانکردەوە، دەوام لە سەرجەم خوێندنگەکانی پارێزگای سنە بۆ ئەمڕۆ راگیراوە، ئەوەش بەھۆی دەربڕینی ناڕەزایی و خۆپێشاندان لە لایەن مامۆستایان و خوێندکاران لە بەرامبەر کوشتنی ژینا ئەمینی لە لایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێرانەوە.

 

هەروەها رۆژی شەممە ٨ی تشرینی یەکەم لە سەر داوای چالاکوانان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان، مانگرتنی گشتی لە رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەچوو و لە ھەندێک شوێن هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و بەوھۆیەشەوە ٥ کەس لە سنە و شارەکانی تری رۆژھەڵات کوژران.

 

لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە، تائێستا زیاتر لە دوو ھەزار کەس لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان دەستبەسەرکراون، لە ناویاندا زیاتر لە ١٠٠ ژنە چالاکوان ھەیە.