دایکانی ئاشتی: ئێمە خاوەنداری لە ڕێبەرەکەمان دەکەین
لە ٢٥ەمین ساڵیادی دەستگیرکردنی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان دایکانی ئاشتی داوای ئازادکردنی دەکەن.
سلێمانی
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و دایکانی ئاشتی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا و ئیدانەی دەوڵەتی تورکیایان کرد کە تا ئێستا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان ئازاد نەکردووە.
لە کۆنگرەکەدا فاتمە حامید، ئەندامی دایکانی ئاشتی وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا، "ئێمە کۆبووینەتەوە بە بۆنەی ٢٥ەمین ساڵیادی پلانگێڕی نێودەوڵەتی بۆ سەر ڕێبەری کورد ڕێبەر ئۆجالان و ٢٥ ساڵە گۆشەگیری لەسەرە، ئێمەش بە دەوڵەتانی داگیرکەر دەڵێن کە ئیرادەی ڕێبەر ئۆجالان ئیرادە و ئازادی و هەبوونی نەتەوەی کوردە".
لە درێژەی وتارەکەدا ئەوەشی باسکرد: " ئەو پیلانگێڕیە تەنها دژی ڕێبەر ئۆجالان نییە، بەڵکو دژی هەموو گەلی کوردە و بە تایبەتی ژنان، چونکە ڕێبەر ئۆجالان یەکەم کەسە باسی ئازادی ژنی کردووە و ڕاستی ژنی دۆزیوەتەوە، ئێمەی دایکانی ئاشتی بە ڕێبەر ئۆجالان دەڵێین کە دڵمان لەگەڵ دڵی تۆدایە، ئێمە خاوەنداری لە ڕێبەرەکەمان دەکەین."
لە کۆتایشدا وتی: تا کوردێک و ئازادیخوازێک مابێت لە خەبات بەردەوام دەبین، چونکە ئازادی ڕێبەر ئۆجالان ئازادی کوردستانە و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بە ڕێکخراوی سی پی تیش دەڵێین کە بووەتە بەشێک لە پلانگێڕی دژی ڕێبەر ئۆجالان، ئێمەی کورد واز لە ئیرادەی سەربەخۆی و ئازادی ڕێبەرەکەمان ناهێنین.