کێشەکانی تەندروستی دەروونی لە دوای پەتای کۆرۆنا زیادیکردووە

توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەندروستی دەروونی و نیشانەکانی دڵەڕاوکێ لە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا تێکچووە، ئاماژەی بەوەشکردووە بەشێکی زۆری خەڵکی خۆڕاگرن و باشترین سوودیان لە دۆخە سەختەکان وەرگرتووە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و تێپەڕاندنی دۆخێکی سەخت لەلایەن دانیشتووانی جیهان دوای چەند ساڵێک پەتاکە بە چەندین شێوە کاریگەرییەکانی ماوەتەوە، گۆڤاری پزیشکی BMJ پێداچوونەوەی شیکاری بۆ ١٣٧ توێژینەوە کردووە کە زۆربەیان لە وڵاتانی ئەوروپی و ئاسیای داهات بەرزەوە هاتوون.

 

لە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا نیشانەکانی خەمۆکی قورستربوون بە گشتی و لە نێو ژنان و کەسانی بەتەمەن و خوێندکارانی زانکۆ بەتایبەت تر کاریگەری هەبوو، توێژینەوەکان دەریانخستووە ژنان زیاتر هەستیان بە کاریگەریی پەتاکە کردووە بەهۆی ئەو کارانەی کە ئەنجامی دەدەن و ئەو ڕۆڵەی لە ژیانی خێزانیدا دەیگێڕن.

 

توێژەرانی کەنەدی، لەسەرئاستی دانیشتووانی جیهان ئاماژەیان بەوەداوە کە ئاستێکی بەرزی خۆڕاگری لە ماوەی کۆڤید-١٩ دا هەبووە، هەرچەندە پەتاکە بەردەوامە لە کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگەکان لە سەرانسەری جیهان، گۆڕانکاری لە تەندروستی دەروونی گشتی و نیشانەکانی دڵەڕاوکێ و نیشانەکانی خەمۆکیدا دروستکردووە.

 

هەروەها باسیان لەوەشکردووە کە پەتای کۆرۆنا کاریگەری لەسەر ژیانی زۆر کەس هەبووە، تا ئێستاش هەندێکیان بۆ یەکەمجار تووشی کێشەی تەندروستی دەروونی دەبن، بەڵام پێویستە حکومەتەکان بەردەوام بن لە دڵنیابوونەوە لەوەی کە پشتگیرییەکانی تەندروستی دەروونی لەبەردەستدان و وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی تەندروستیییەکانی هاوڵاتیانن، وڵاتانی هەژارنشیین زۆرترین زیانیان پێدەگات بە بەراورد بە وڵاتانی دیکە.

 

لە ڕاپرسییەکی ئۆنلایندا دەرکەوتووە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە هەر شەش منداڵێکی ٧ بۆ ١٦ ساڵان، هەروەها یەکێک لە هەر چوار منداڵی تەمەن ١٧ بۆ ١٩ ساڵان، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکی دەروونی هەبووە، ئەمەش بەراورد بە ساڵانی پێشووتر ڕێژەکەی زیادیکردووە.

 

ئامارە جیاوازەکان دەریدەخەن کە ژمارەی ئەو منداڵانەی بەرکەوتنیان لەگەڵ خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی دەروونیدا هەبووە لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢٢ بە ڕێژەی نزیکەی ٣٠٪ بەرزبووەتەوە و بۆ نزیکەی ملیۆنێک منداڵ زیادیکردووە.

 

وە لە ڕاپرسییەکی ڕێکخراوی خێرخوازی تەندروستی دەروونی مایند، لە ساڵی ٢٠٢١دا، نزیکەی یەک لەسەر سێی گەورەساڵان و گەنجان ڕایانگەیاندووە کە تەندروستی دەروونییان لە مانگی ئاداری ٢٠٢٠ەوە زۆر خراپتر بووە، هەروەها ئەوانەی زۆرترین کاریگەریان لەسەر هەبووە ئەو کەسانە بوون کە پێش کۆڤید-١٩ تەندروستی دەروونی خۆیان کێشەی هەبووە.