یەکەمین خەڵاتی یەکسانی بەخشرایە چۆمان هەردی
بە بەشداری ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی، بەهۆی داکۆکیکردنی لە هزری یەکسانی یەکەمین خەڵاتی یەکسانی بەخشرایە چۆمان هەردی.
ناوەندی هەواڵ
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە کارگەی کلتووری شاری سلێمانی، بەهۆی داکۆکیکردنی لە هزری یەکسانی، لەلایەن ژمارەیەک ڕێکخراوی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنیەوە یەکەمین خەڵاتی یەکسانی بەخشرایە چۆمان هەردی.
بە بەشداری ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی، بە نوێنەرایەتی هەریەکە لە هانا شوان، جوان ڕەحیم، بەهار مونزیر، سەیوان ڕۆستەم یەکەمین خەڵاتی یەکسانیان ڕاگەیاند و بۆ یەکەمجاریش خەڵاتەکە بەخشرایە چۆمان هەردی بەهۆی پشتیوانییەکانی لە هزری یەکسانی.
خەڵاتەکە لەلایەن چالاکوانان و ئازادیخوازانەوە بەخشرایە چۆمان هەردی و ئاماژەیان بەوەدا کە بەخشینی " خەڵاتی یەکسانی" دەبێتە نەریتێکی ساڵانە و پێشکەش بە کەسایەتییەک دەکرێت کە پشتیوانی و داکۆکی لە بڵاوبوونەوەی هزری یەکسانیخوازی لە کۆمەڵگەدا دەکات.
چۆمان هەردی یەکەمین خەڵاتی یەکسانی پێبەخشرا لە مەراسیمەکە و ئەوەشی خستەڕوو، خەباتکردن بۆ یەکسانی و دادپەروەری کارێکی ئاسان نیە، بەڵام بەردەوامی و کۆڵنەدان دەتوانرێت بەدەستبهێنرێت و هیوایەک بە کۆمەڵگە ببەخشێت، لە کاتێکدا کە ژنان تێکۆشان دەکەن بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی، بەڵام لەلایەن پیاوان و کۆمەڵگەوە بە توندی بەرەنگارییان دەبنەوە و ئاستەنگی دەهێننە ڕێیان و ڕووبەڕووی تۆمەت و هەڕەشەیان دەکەنەوە.