ژنانی کەمپی پەنابەرانی مەخمور ٨ ئادار یان پیرۆزکرد
دانیشتوانی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی بە ڕێپێوانێکی جەماوەری ٨ ئاداری یان پیرۆزکرد و ڕایانگەیاند، کە بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، هەموو دەسەڵاتدارێک تێکدەشکێنن.
مەخمور
بەبۆنەی ڕۆژی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان، لە ١ی مانگەوە ژنانی کەمپی پەنابەرانی مەخمور زنجیرەیەک چالاکی ئەنجام دەدەن، ئەمڕۆ سەرجەم ژنانی مەخمور بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە بە جلوبەرگی کوردییەوە پێشوازییان لە ٨ی ئادار کرد، ڕێپێوانەکە بە بەشداری سەرجەم دانیشتوانی کەمپەکە لە ڕێکخراوی بنەماڵەی شەهیدانەوە دەستی پێکرد و تا ناوەندی ڕۆشنبیری هونەری بە وتنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، "بێ سەرۆک ژیان نیە"، " بژی سەرۆک ئاپۆ".
چالاکییەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد و بێریڤان ئیشلەک ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی مەجلیسی عەشتار، باسی لە گرنگی ئەو ڕۆژە کرد.
"بۆ ئێمە هەموو ڕۆژێک ٨ی ئادارە"
لە سەرەتای قسەکانیدا بێریڤان ئیشلەک پیرۆزبایی ٨ی ئاداری لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و سەرجەم شەهیدانی شۆڕش کرد و بەم شێوەیە بەردەوام بوو، " وەک دەزانرێت لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، ٨ی ئاداری ساڵی ١٨٥٧، ژنان لە ئەمریکا دەستیان کرد بە تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، بەڵام بەمەبەستی بێدەنگکردنی ئەم چالاکییە، سیستمی حوکمڕانی ئاگری لەو کارگەیە بەردا کە ژنانی کارگەی قوماش کاریان تێدادەکرد و لەئەنجامی ئاگرکەوتنەوەکەدا ١٢٩ ژن گیانیان لەدەستدا، ئەو چالاکییانەی لەو ڕۆژەدا ئەنجامدرا تا ساڵی ١٩٧٧ بەردەوام بوو، تا دواتر وەک ڕۆژی جیهانی ژنانی کرێکار لە ئەمریکا دەستنیشانکرا و لە ئێستادا لە هەموو جیهان وەک ڕۆژی جیهانی ژنان بەرز ڕاگیراوە و لە هەموو شوێنێک ٨ی ئادار بە شێوازی جیاواز بەڕێوەدەچێت."
وتیشی: " وەک ژنانی کورد کە بە بیرۆکە و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان گەشەمان کردووە، ٨ی ئادار بۆ ئێمە گرنگییەکی زۆر جیاوازی هەیە، لەبەرئەوەی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد لە ٨ی ئاداردا دیارییەکی پێبەخشیین کە بیرۆکەی ڕزگاری ژنانە، چونکە هەموو ڕۆژێک بە بیرۆکەی ڕزگاری ژنان پێشدەکەوین، چالاکیی و ڕێکخراوەکانمان بەهێز دەکەین و بۆ ئێمەش هەموو ڕۆژێک ٨ی ئادارە."
"کۆمەڵگە بە پێشەنگایەتی ژنان ئازاد دەبێت"
بێریڤان ئیشلەک هەروەها ڕایگەیاند کە بە بیرۆکە و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خەباتی خۆیان بەهێزتر دەکەن و وتی: " دژی زانست، خەبات و شۆڕشی ژن و کۆمەڵگە، سیستمێکی دەسەڵاتداری و داگیرکاری هەیە، ئەوان دەیانەوێت هەموو ڕۆژێک پلان و پڕۆژەی جینۆساید و لەناوبردن بەسەرماندا ئەنجام بدەن، هێرشەکان بۆ سەر گەلی کورد، کۆمەڵکوژییەکان، دەستگیرکردن و گۆشەگیرکردن لە زیندانی ئیمرالی هەمووی بەهۆی ترسەوەیە لە ژنانی کورد و ڕێکخستنی کۆمەڵگە، بەڵام ئێمەی ژنان لە دژی ئەم سیستمە هەموو ڕۆژ خۆمان بە ڕێکخستن دەکەین، هەروەها ئەو کارەساتەی لە باکوری کوردستان ڕوویدا، شکست و نەبوونی سیستەمی ئاکەپە-مەهەپەیە، ئەم سیستمە لە ڕێگەی ئەو کارەساتانەی ڕوودەدەن دەیانەوێت کۆمەڵگە وێران بکەن و مافی گەلی کورد بسەننەوە."
وتیشی: " هەروەک چۆن لە ڕۆژئاوای کوردستاندا شۆڕش بە پێشەنگایەتی ژنان دامەزرا و شوێنپەنجەی خۆی لەسەر مێژوو بەجێهێشت و لە سەرانسەری جیهاندا دەنگی دایەوە، جگە لەوەش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزایەتییەکان بە پێشەنگایەتی ژنان سەریهەڵدا و خەباتی ژنان بەڵێنی ئەوەدەدات کە بە پێشەنگایەتی ژنان کۆمەڵگە ئازاد دەبێت."
دانیشتوانی کەمپی پەنابەرانی مەخمور لە ساڵی ٢٠٢٢ بۆ شکاندنی ئەو گۆشەگیرییە توندەی بەسەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد سەپێنرا، دەستیان بە ئەنجامدانی چەندین چالاکی کرد،دوای ئەو ڕێپێوانەی کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، چالاکییەکانی ٨ ئادار بە بەیاننامەیەک کۆتایی هات و چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامدرا.
سوڵتان یڵدزتان باسی لە گروپی ١٧ کرد و وتی: ماوەی نزیکەی سێ مانگە چالاکییەکانمان بەردەوامە، بەڵام دەستپێکردنی چالاکییەکانمان تا ٨ی ئادار بوو، بۆیە ئەمڕۆ کۆتایی بە چالاکییەکانمان دەهێنین، بەڵام چالاکییەکانمان بە شێوازی جیاواز بەردەوام دەبن تا ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بەردەوام دەبین لە چالاکییەکانمان."
ڕۆژی ٨ی ئادار، ئەنجومەنی عەشتاری کامپەکە گوڵێکی پێشکەش بە خوشکی شەهید ئەڤین گۆیی، زەینەب کارا کرد و گوڵێک بە ناوی چالاکانی مانگرتن لە خواردن پێشکەش بە سوڵتان یەڵدزتان کرا.