لە سەرانسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ژنان بوون بە یەک دەنگ: "ژن، ژیان، ئازادی"
لە ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان، ژنان لە سەرانسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە مەیدانبوون، ئەو ژنانەی بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ شۆڕشی ژنان چوونە مەیدانەکان و بوون بە یەک دەنگ.
ناوەندی هەواڵ
لە سەرانسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرەو مەیدانەکان ڕێپێوانیان ئەنجامدا، ئەو ژنانەی بە جلوبەرگی کوردی و کلتووری خۆیان مەیدانەکەیان ڕەنگاوڕەنگ کرد و بوونە یەک دەنگ بۆ ئازادی.
کۆنگرە ستار لە ناوچەی فورات بە ڕێپێوانێکی جەماوەری لە ژێر دروشمی "لەگەڵ ژن، ژیان، ئازادی بەرەو شۆڕشی ژنان" کۆتایی بە چالاکییەکانی ڕۆژی جیهانی ژنان ٨ی ئادار هێنا.
سەدان ژن لە ناوچەی فورات "کانتۆنی کۆبانێ و کانتۆنی گرێ سپی"، بەڕێوەبەری خۆسەر، پارتە سیاسییەکان، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ژنان، تەڤ-دەم، یەکێتی ژنانی گەنج، مانگی زێڕین، بنەماڵەی شەهیدان و چەندین لایەنی دیکە بۆ ڕۆژی جیهانی ژنان لە ٨ ئادار ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا.
ژنان دروشم و پۆستەرەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پۆستەری "ژن، ژیان، ئازادی" و ئاڵای کۆنگرە ستار یان هەڵگرتبوو، دەفی عەرەبیان هەڵگرتبوو.
ژنان بە جلوبەرگی کولتووری خۆیان لە گەڕەکی کۆبانێی نوێوە دەستیان بە ڕۆشتن کرد و لە دارستانی کۆبانی وەستان، لە میانی ڕێپێوانەکەدا ژنان دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی بەرخۆدانی ژنانی کورد"یان دەوتەوە.
"ژنان مۆرکی خۆیان لەم سەدەیە بەجێهێشت"
دوای خولەکێک ڕێزگرتن، زۆزان بەکر وتەبێژی هەماهەنگی کۆنگرە ستار لە ناوچەی فورات دەستیکرد بە قسە و پەیامی ژنانی ناوچەی فوراتی بۆ ٨ی ئادار بەم شێوەیەی خستەڕوو: "هێڵی خەباتی ژنان لە هەموو هەلومەرجێکدا بەردەوامە، بەتایبەت بۆ ئەوانەی دەڵێن ئازادیی ژن خەونە، ئەمڕۆ بە ئازایەتی و خەبات و تێکۆشانمان ئەو خەونانە دەکەین بە ڕاستی، وەک چۆن ژنان هەنگاوی یەکەمیان ناوە و بۆی کۆمەڵکوژییەکان لەناوببەن، ئەمڕۆش ڕۆحی ٨ی ئادار بە سەرکردایەتی ژنانی کورد لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا گەشە دەکات و زیندووە، ژنان بە خەبات و بەرخۆدانیان شوێنپەنجەی خۆیان لە سەدەی بیست و یەک بەجێهێشتووە، ئەمە سەدەی خەبات و ئازادی و شۆڕشی ژنانە لە دژی داگیرکاری و تاریکی و دواکەوتوویی، هەر بۆیە لەمەودوا پاشەکشە ناکەین و کۆڵنادەین."
ڕێپێوانەکە بە وتنەوەی دروشمی "سڵاو لە خۆڕاگری و خەباتی ژنان" کۆتایی هات.
"سوپاس بۆ ڕێبەر ئاپۆ، ٨ی ئادار مانادارتر بوو"
باکیرە سەنجار، کە بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە بەشداری ڕێپێوانەکەی کرد، بەم شێوەیە هەست و پەیامی خۆی بۆ ئاژانسی نوژنها دەربڕی: "ئەم ڕۆژە بۆ ئێمە پیرۆز و مانادارە، ئەمەش لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای ڕێبەر ئاپۆ دامەزراوە، پێش ئەوەی دان بەو فەلسەفەیەدا بنێین و شۆڕشی ئازادی دەست پێبکەین، ٨ی ئادار ڕۆژێکی ئاسایی بوو بۆ ئێمە، هەر بۆیە بە دانپێدانان بە ئایدۆلۆژیای ڕێبەر ئاپۆ تێدەگەین کە ئێمە مافی ژیانمان هەیە و هەموو ڕۆژەکان ٨ی ئادارە بۆ ئێمەی ژن، بۆیە هیواکانمان لەم ڕۆژەدا ئەوەیە کە لە ساڵانی داهاتوودا لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ لە ئەم ڕۆژەدا ئاهەنگ بگێڕین و پێشوازی لێبکەین، هەروەها بانگەوازێکمان هەیە بۆ ژنانی جیهان کە واز لە خەبات بۆ ئازادی نەهێنن و ئایدۆلۆژیای دروست لە خەباتیاندا هەڵبژێرن".
تل تەمر
سەدان کورد و عەرەب و ئاشووری خەڵکی ناوچەی تل تەمر سەر بە کانتۆنی حەسەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیانەوە لەگەل ڕێکخراوی بنەماڵەی شەهیدانی ئەو شارۆچکەیە ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا.
ڕێپێوانەکە لە ژێر دروشمی "لەگەڵ ژنان، ئازادی بۆ شۆڕشی ژنان" دەستی پێکرد، ژن و پیاو دروشمی تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنانیان دەوتەوە، ڕێپێوانەکە لە گۆڕەپانی گەورەی ش.قەندیل وەستا.
"ژنان سیستەمێکی دیموکراسی و جیهانێکی یەکسان بنیات دەنێن"
پاش خولەکێک ڕێزگرتن، فیدان سیدۆ بەناوی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکەوە قسەی کرد و وتی: " بە فەلسەفەی "ژیان و ئازادی ژن"، ژنان سەرکردایەتی گرنگترین و گەورەترین شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، ژنان بۆ ئەوەی لەگەڵ فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بژین، هەموو ساتێک و هەموو ڕۆژێک خەبات و تێکۆشان دەکەن."
ئاماژەی بەوەشدا: لە کەسایەتی قارەمان ڕاپەڕین ئامەددا ٨ی ئادار بە بەرهەمی شەهیدانی خەبات پێناسە دەکەین، لە کەسایەتی زەینەب جەلالیان ئەم ڕۆژە بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە لە زیندانەکاندان و بەرەنگاری عەقڵیەتی حوکمڕانی پیاوان دەبنەوە، پیرۆز دەکەین، بۆ ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەموو ڕۆژەکانمان ڕۆژی خەباتە، بەهۆی بیرکردنەوە و ڕۆحی ڕێبەر ئۆجالان، هەموو ساتێک بەردەوامین لە شەڕکردن، ژنان پێشەنگایەتی بونیاتنانی سیستمێکی دیموکراسی دەکەن و دەبنە ناوەندی سەرنجی ژنانی جیهان، لەبری سیستمی حوکمڕانی سەرمایەداری کە هەوڵی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان دەدات، سیستەمێکی دیموکراسی و جیهانێکی یەکسان بنیات دەنێین، بە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەنرخترین شۆڕشدا سەرکەوتوو دەبێت، شۆڕشێک کە ژنان سەرکردایەتی دەکەن.
ڕێپێوانەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.
قامیشلۆ
ژنانی کانتۆنی قامیشلۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە دروشمی "لەگەڵ ژن، ژیان و ئازادی بەرەو شۆڕشی ژنان" ڕێپێوانیان کرد بۆ بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی ژنان، سەدان ژن بە جلوبەرگی نەتەوەیی و وێنەی ژنانی شەهید، لە بازنەی سیاحییەوە بەرەو یاریگای شەهیدانی ١٢ی ئادار لە شاری قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕێپێوانیان کرد، ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەنگەکانیان بڵندکرد.
"هەموو ڕۆژێک دەبێتە جەژن بۆ ژنان"
دوای خولەکێک لە ڕێزلێنان لە ئازادیخوازان، بێریڤان خالید هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەم وتارەی پێشکەش کرد: "لە سەرەتاوە ڕۆژی جیهانی ژنان لە ڕێبەر ئاپۆ و ژنانی تێکۆشەر کە گیانی خۆیان بەخت کرد لە پێناو ئازادی، شەهیدانی شۆڕش و هەموو ژنانی جیهان پیرۆز دەکەین، ئەم ڕۆژە بۆ ئێمەی ژنان زۆر بەنرخ و مانادارە، هەموو ڕۆژەکان دەبێتە جەژن بۆ ژنان نەک تەنها یەک ڕۆژ، چونکە ئەو ژنانەیی لە بوارەکانی ژیاندا پێشەنگایەتیان کرد، بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی شۆڕشیان لە ئەستۆ گرت و ئەمەس هەموو ڕۆژێک دەکاتە ڕۆژی ژنان."
وتیشی: " بێگومان پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری قوربانیانی بوومەلەرزەکە دەکەین، لە هەمان کاتدا هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، بۆ ئەم ڕۆژەش بێگومان ئێمە ویستمان بەم شێوەیە پێشوازی لە ٨ ئادار بکەین، ئەمە بەڵێنی ئێمەیە لە ٨ی ئادار و شۆڕش و دەستکەوتەکانی ژنان دەپارێزین، نە دەوڵەتی تورک و نە ڕژێمی بەعس و نە فاشیزمی ئێران ناتوانن ئیرادەی ئێمە بشکێنن، ژنان لە مەیدانەکان پاڕێزگاری لە شۆڕش دەکەن."
"شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان ڕووناکی جیهانە"
هەروەها نورا ئێربۆ بە ناوی ژنانی شیوعی شۆڕشگێڕەوە قسەی کرد و وتی: " ٨ ئادار ڕۆژی تێکۆشان و سەرکەوتنە، دژی هەژموونگەرایی پیاوان و هەموو جۆرە توندوتیژییەک بەرامبەر ژنان، ئەمساڵ بە کارەساتێک کە لە باکوری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان ڕوویدا نزیک بووینەوە لە ٨ ئادار کە هێشتا هەزاران کەس لەژێر دارووپەردوو و وێرانەکان ماونەتەوە و دەوڵەتی تورکیا هێشتا هێرش دەکاتە سەر خاکی ئێمە و پشت لە پێشەنگەکانی ئەم خاکە دەکات، شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و شۆڕشی ژنان ڕووناکی جیهانە، لەم ڕۆژەدا پیرۆزبای لە هەموو ئەو ژنانە دەکەین کە لە جیهاندا شەڕ دەکەن، لە شاخ و لە مەیدانەکانی شەڕدا شەڕ دەکەن."
شەهبا
کۆنگرە ستار لە عەفرین-شەهبا بە دروشمی "لەگەڵ ژیانی ژنان، ئازادی بەرەو شۆڕشی ژنان"، ڕێپێوانێکی جەماوەری لە کانتۆنی شەهبا، باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدا، هەزاران ژن بە ڕەنگی جیاواز هاتنە مەیدانەکە و وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئاڵای ژنان و ئاڵای کۆنگرە ستار بەرزکرایەوە ڕێپێوانەکە لە ڕێگای گوندی تل قیرە تا پارکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە قەزای ئەحداس بەردەوامبوو، دواتر ڕێپێوانی ناو پارکەکە گۆڕدرا بۆ گردبوونەوە و بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێکرد، پاشان وتارێک لەلایەن نەسرین محەمەد بەڕێوەبەری کۆنگرە ستار عەفرین-شەهبا پێشکەشکرا: "٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان لە ڕێبەر ئاپۆ و هەموو ئەو ژنانەی ئازادن پیرۆزدەکەین، لەم ڕۆژەدا جارێکی تر بەڵێنمان نوێ دەکەینەوە کە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک و بیرۆکەی ئازادی ژن لە جیهاندا ئەنجام دەدەین و ئەو ژنانە لەبیر ناکەین کە لەژێر کۆیلایەتی پیاوان دەژین، ئێمە لەسەر ڕێگای تێکۆشان و ئازایەتی ئەو ژنانە بەردەوام دەبین کە گیانی خۆیان بەختکرد، ٨ ئادار لە سایەی خۆڕاگری و خەباتی ژنان لە جیهاندا سەلمێنراوە، هەروەها شایستەی ئەم بەرخۆدانەش دەبین و دەنگی ژنان بەرز دەکەینەوە".
هەروەها خەدیجە ئیبۆ، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی خانەوادەی شەهیدان عەفرین-شەهبا قسەی کرد و وتی: " ٨ ئادار پیرۆز دەکەین بۆ ژنانی پێشەنگ و ئەوانەی شەڕ و بەرەنگاری دەکەن و بە نمونەیان دەزانین و هێز و مۆڕاڵ لە خوێنیان وەردەگرین، بە خۆڕاگری ١٢٩ ژنی خۆڕاگر، ئەمڕۆ شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوویدا، لە مێژوودا و تا ئەمڕۆش ژنان ئەوانەن کە زۆرترین ناڕەزایەتییان لە سیستەمی فاشیزم دەربڕیووە و ژێردەستەیییان قبوڵ نەکردووە."
ڕێپێوانەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.