کۆنگرە ستار بۆ چالاکیەکانی ٨ی ئادار سیمینارێکی ڕێکخست

لە دێژەی کار و چالاکیەکانی ٨ی ئادار نوێنەرایەتی کۆنگرە ستار لە هەرێمی کوردستان سیمینارێکی بۆ سێ ژنە پێشەنگ ڕێکخست، تیایدا باس لە گرنگی خەبات و تێکۆشانی ژنان کرا  کە بوونەتە هەوێنی گۆڕانکاری و ئازادی بۆ کۆمەڵگە.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە هۆڵی خاک لە شاری سلێمانی، لە درێژەی چالاکیەکانی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان، نوێنەرایەتی کۆنگرەستار سیمینارێکی ڕێکخست بۆ هەریەک لە ڕۆزە حەسەن، نوێنەری کۆنگرە ستار لە هەرێمی کوردستان، ڕۆزەرین کەمانگەر بەرپرسی لیژنەی دیبلۆماسی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دڵسۆز زەنگەنە چالاکوانی بواری ژنان.

 

لە پێش دەستپێکردنی سیمینارەکە گوڵ بەخشرایە ئامادەبووان، پاشان بە دەقەیەک ڕاوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان سیمینارەکە دەستی پێکرد، لە سەرەتادا کورتە ڤیدۆیەک لەسەر مێژووی شۆڕشی ژن و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" نیشانی ئامادەبووان درا.

 

ڕۆزە حەسەن، ئاماژەی بەوەکرد، " ژن بەسەر هەموو ناڕەحەتیەکاندا تێپەڕیووە هەر لە سەردەمی ڕژێمی بەعس و هێرشەکانی داعش و دەوڵەتی تورکیا ژن ڕاستەقینەی خۆیی ون نەکردووە چونکە  ژنی کورد یەکیان گرت و دەستیان بە تێکۆشان کرد، ژنان لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان  پێشەنگایەتیان کرد و بەرامبەر ئەقڵیەتی پیاوسالاری تێکۆشانیان کرد، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەبێت  تەنها لە دروشمێک نەمێنێتەوە و پێویستە ببێت بە کردار و لە کۆمەڵگە بەرجەستە بکرێت."

 

ڕۆزەرین کەمانگەر، باسی سەرهەڵدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و دەستکەوتەکانی کرد و وتی" لە سەرهەڵدانی شۆڕشدا خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتیان بە توانای جەوهەری خۆیان بەست، ژنان بانگهێشتی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیان کرد بۆ یەکگرتن، چونکە ڕژێمی ئێران دەیەوێت لە ئازادییەکانمان بێبەشمان بکات، بەڵام بە یەکگرتووی ئازادی بەدەست دەهێنرێت،."

 

وتیشی: " دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ژنانەوە داهێنراوە و لە ناخی کۆمەڵگەدایە بۆیە بە ئاسانی کۆتای نایەت، چونکە تا ژن ئازاد نەبێت ناتوانین بڵێین کۆمەڵگەیەکی ئازادین، زیندانیکردنی ژنانی ئازادیخواز وایکرد گەل زیاتر تێبکۆشێت و بە پێشەنگایەتی ژنان داوای نەتەوەی دیموکراتیک بکات.

 

دڵسۆز زەنگەنە ئەوەیخستەڕوو، " ئێستا سەدەی ژنە، لە پێناو بەدەستهێنانی ئازادی ژنان هەمیشە شۆڕشیان کردووە، هەر بۆیە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بووەتە سیمبۆلی شۆڕشگێڕان، ژنان بوونەتە پێشەنگی ڕاپەڕینەکان، ئەمەش ئەوە دەردەخات ژن هەمیشە لە سەردەمەکانی ژیاندا خەباتی کردووە و لێرەش بە هەوڵی ژنان توانراوە دەست بۆ یاساکان ببرێت و  لە بەرژەوەندی ژنان گۆڕانکاری تێدا بکرێت، ژنان لە ڕێگەی تێکۆشانەوە مێژووی ئازادی خۆیان دەنووسنەوە، لە خەباتی ژناندا گۆڕانکاری دەبینرێت و ئەوە نیشان دەدەن کە دەتوانن ئەقڵیەتی پیاوسالاری بگۆڕن."