خواردنی ڕیشاڵی یارمەتی گەشەی مێشکی منداڵان دەدات

توێژینەوەیەکی یابان ئەوەی نیشانداوە، خواردنی ڕیشاڵی لە ماوەی دووگیانی دایکان پەیوەندیدارە بە گەشەی مێشکی کۆرپەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

توێژەران ئەوەیان خستووەتەڕوو، کەمخۆراکی دایکان بەتایبەتی کەم وەرگرتنی ڕیشاڵ لە کاتی دووگیانی پەیوەندیدارە بە دواکەوتنی گەشەی دەمارەکان لە منداڵان.

 

ئەو دایکانەی کە لە کاتی دووگیانی خواردنی کەم ڕیشاڵیان وەرگرتووە، مەترسی دواکەوتنی گەشەکردنی دەمارەکان لە منداڵەکانیاندا زیادیکردووە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئەرکەکانی منداڵ وەک کارامەییەکانی پەیوەندیکردن، چارەسەرکردنی کێشەکان و توانای جوڵەیی دەبێت.

 

توێژینەوەکە لەسەر بنەمای زیاتر لە ٧٦ هەزار دایک و کۆرپە لە یابان ئەنجامدراوە، ئەوەی دەرخستووە کە تەنها ٨.٤٪ی ژنانی دووگیان لە یابان بڕی پێشنیارکراوی ڕیشاڵیان خواردووە.

 

توێژەران پرسیاریان لە دایکان کرد دەربارەی ماوەی سێ مانگی سەرەتای دووگیانی و ئەو خواردنانەی وەریانگرتووە، بۆیان دەرکەوت بڕی پێویستی خواردنە ڕیشاڵییەکان کاریگەری لەسەر تەندروستی و گەشەی مێشکی منداڵان هەبووە.

 

هەروەها توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە وەرگرتنی بڕی مامناوەندی ڕیشاڵی خۆراکی لە یابان زیاترە لە ١٠ گرام لە ڕۆژێکدا، تەنها ٪٨.٤ی ژنانی دووگیان لە یابان بەپێی پێویست خواردنی دەوڵەمەند بە ڕیشاڵیان خواردووە.

 

هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە کە خواردنی ڕیشاڵی پێشنیارکراوی ژنانی دووگیان جیاوازە، لە کاتێکدا لە یابان ڕێژەی پێشنیارکراوی خواردنی ڕیشاڵی خۆراکی ڕۆژانە ١٨ گرامە لە ڕۆژێکدا، بەڵام لە ئەمریکا و کەنەدا ٢٨ گرامە.

 

“توێژینەوەکانی مرۆڤ ناتوانن بە تەنیا کاریگەرییەکانی ڕیشاڵی خۆراک هەڵسەنگێنن، هەرچەندە ئەم توێژینەوەیە کاریگەری خواردنی ترشی فۆلیک لە کاتی دووگیانیدا لەبەرچاو گرتووە، بەڵام ئەگەری کاریگەریی ماددە خۆراکیەکانی دیکە ناتوانرێت بە تەواوی ڕەت بکرێتەوە.