١٤ ئەندامی یەکێتی مامۆستایانی سنە بانگهێشتنی بەردەم دادوەر کران

بە پێی ئەو زانیاریانەی بڵاوکراونەتەوە، ١٤ ئەندامی یەکێتی مامۆستایانی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بانگهێشتی بەردەم دادوەر کران.

ناوەندی هەواڵ

 

میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبارەی نزیکبوونەوە لە دووەمین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی و بانگ کردنی ١٤ ئەندامی یەکێتی مامۆستایانی سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، ڕایانگەیاند، "ئەمڕۆ کاتژمێر ٩ـی بەیانی ١٤ ئەندامی یەکێتی مامۆستایانی سنە بانگهێشتی بەردەم دادوەر و ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران کراون، کە بریتین لە ٣ مامۆستای ژن و ١١ مامۆستای پیاو".

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو مامۆستایانە بە تۆمەتی “چالاکی دژ بە حکومەتی ئێران”، “تێکدانی ئاسایشی گشتی”  بانگ کراون، هەروەها ئەوەش هاتووە، "لەم مانگەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی پاڵپشتی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، بانگ کراون و دەستبەسەر کراون و سزایان بەسەردا سەپێندراوە".

 

جێگای ئاماژەیە، لە ١٦ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢ دەستبەسەر کردنی ژینا ئەمینی لەلایەن ئەفسەرانی پۆلیسی بەناو ئەخلاق و گیان لەدەستدانی بەهۆی ئەشکەنجەدانی ناڕەزایی بەرفراوانی لە سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لێکەوتەوە کە بە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادیی” ناسراوە و بە هۆیەوە لەلایەن ئێرانەوە سەدان چالاکوان و هاوڵاتیی مەدەنیی دەستبەسەرکران و بە دەیانیش لەسێدارەدراون و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.