ئێران و تورکیا لە لیستی مەترسیدارترین وڵاتاندان بۆ ڕۆژنامەنووسان

بەپێی ڕاپۆرتی ژنانی پەیامنێرانی بێ سنوور، ئەفغانستان، ئێران و تورکیا لەو وڵاتانەن کە زۆرترین مەترسی لەسەر ژیانی ڕۆژنامەنووسان دروست دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەنووسانی بێ سنوور دووپاتی کردووەتەوە کە تورکیا، ئێران و ئەفغانستان لە لیستی مەترسیدارترین وڵاتاندان بۆ ڕۆژنامەنووسان، ئاماژە بەوە دەکات کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا ئێران و تورکیا زۆرترین ژمارەی ڕۆژنامەنووسانیان زیندانی کردووە و دەستگیرکردنیان بووەتە شتێکی ئاسایی، وەک ڕۆژنامەنووسانی ئێرانی ئیلاهە محەمەدی و نیلوفەر حەمیدی.

 

ڕاپۆرتی پەیامنێرانی بێسنوور بۆ ساڵی ٢٠٢٣ باس لەوە دەکات کە لەو کاتەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرتووە، سەرکوتی میدیای سەربەخۆ زیادی کردووە، دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان بە تۆمەتی سیخوڕی زیادی کردووە و بارودۆخی کارکردنی میدیاکان سەخت بووە، ساڵی ڕابردووش ٢١ ڕۆژنامەنووس زیندانی کران، سێ ڕۆژنامەنووسی دیکەش لە ئێستادا زیندانیکراون.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ١٢١ ڕۆژنامەنووس لە چین لە زینداندان، ٦٩ ڕۆژنامەنووس لە میانمار، لە ڕووسیاش ٣٤ ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراون و ٢٩ ڕۆژنامەنووسیان تا ئێستا لە زینداندان، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا، ٧٧٩ ڕۆژنامەنووس زیندانی کراون و ٥٤٧یان تا ئێستا لە ٤٥ وڵاتی جیهان لە زینداندان.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونیکردووەتەوە، چین، ڕووسیا، میانمار، میسر، ئەسیوپیا، بیلاڕووس، بۆروندی لەو وڵاتانەن کە ڕۆژنامەنووسان بەهۆی دەربڕینی بۆچوونەکانیان دەستگیر و زیندانی دەکەن.

 

ئەمڕۆش وتەبێژی حکومەتی تاڵیبان ڕاپۆرتی ڕۆژنامەنووسانی بێسنووری ڕەتکردەوە، کە تیایدا باس لەوە دەکرێت لە ئەفغانستان مەترسی لەسەر ڕۆژنامەنووسان هەیە.